گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئێران هاتە دەنگ

گومانەکان لەسەر سوتاندنى کونسوڵخانەی ئێران لە نەجەف زیاتر دەبن

2019.11.28 - 09:46
App store icon Play store icon Play store icon
گومانەکان لەسەر سوتاندنى کونسوڵخانەی ئێران لە نەجەف زیاتر دەبن

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- بەرپرسێکی سەربازیی باڵای نەجەف ئاشکرایکردووە، ئەو هێزە سەربازییانەی لە ئەرکدا بوون بۆ پاراستنی بارەگاى کونسوڵخانەی ئێران لە نەجەف بەشێوەیەکی لەناکاو کشاونەتەوە، وەزارەتى دەرەوەى عێراقیش دەڵێت، ڕوداوەکە زیان بە پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و تاران دەگەیەنێت. , شەوی ڕابردوو، چوارشەممە 27ی تشرینی دووەمی 2019، لەمیانەی بەردەوامی خۆپیشاندانەکانی شارەکانی عێراق، ژمارەیەک خۆپیشاندەر لە شاری نەجەف هێرشیان کردەسەر کونسوڵخانەی ئێران و بارەگاى مونسوڵخانەکەیان سوتاند. , بەرپرسێکی باڵای سەربازی لە شاری نەجەف کە نەیویستوە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ناس-ى ڕاگەیاندووە: "لێکۆڵینەوەکانمان بە دوو ئاڕاستە لە ڕوداوی سوتاندنی کونسوڵخانەکەی ئێران لە نەجەف دەستپێکردووە، یەکەمیان لێکۆڵینەوە لە ناسنامەی ئەو کەسانە دەکەین کە ئەو کارەیان کردووە، هەروەها ئەوانەشی کە بوونەتەهۆی توڕەکردن و هاندانی خۆپیشاندەران بۆ سوتاندنی کونسوڵخانەکە، دووەم لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو کەسانەشدا دەکرێت کە فەرمانیان بە کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئێران کردووە لە چواردەوری کونسوڵخانەکە". , ئەو بەرپرسە ئەمنییە سەربازییەی نەجەف ئاماژەی بەوەشکردووە: "ڕوداوی هێرشکردنەکە زۆر گوماناوییە، پێش ئەوەی خۆپیشاندەران هێرشەکە ئەنجام بدەن، فەرماندەی ئەو هێزە سەربازییەی بەرپرسیاریەتی پاراستنی کونسوڵخانەکەی لە ئەستۆدابوە فەرمانی کشانەوەی لەناکاوی بەدەست گەیشتوە". , ئەو بەرپرسە سەربازییە ئەوەشى خستوەتەڕو، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە نەجەف خۆپیشاندانەکان زۆر بە هێمنی و ئارامی بەڕێوەچون و پەیوەندییان هەبوە لەگەڵ خۆپیشاندەران و چەندین هێزیشیان دابینکردووە بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران و باڵەخانە و بارەگا حیزبی و حوکمییەکان، دەشڵێت، بەڵام شەوی ڕابردوو خۆپیشاندەران توڕە کراون بە هێرشکردنە سەریان و ڕوبەڕوبوونەوەیان بۆیە بەوکارە هەستاون. , بەپێی زانیارییەکانیش ئەمشەو لوئەی یاسری پارێزگاری نەجەف لەکاتی ڕوداوەکەدا لە نەجەف نەبوە و لە دەرەوەی شارەکە بوە، هەروەها فەرماندەی گشتیی پۆلیسی شارەکەش، لە گەشتە لە دەرەوەی عێراق، بەڵام دوای ڕوداوەکە دوو ڕۆژ پشوی فەرمی لە شارەکە ڕاگەیاند. , پاش سوتاندنی کونسوڵخانەی نەجەفیش لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، هەر زوو هێزە شیعییەکان کەوتنە خۆیان و قەیس خەز عەلی سەرۆکی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق بە ژمارەیەک هێزی زۆرەوە خۆی گەیاندووەتەوە نەجەف، لەلایەکى تریشەوە ئەحمەد ئەسەدەی پەرلەمانتار و سەرکردە لە هاوپەیمانی فەتحی هادی عامریش ڕایگەیاندووە: "داوامان کردووە هێزى سەربازی زیاتر بنێردرێت بۆ نەجەف لەپێناو پاراستنی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان".   , هەر لەبارەى ڕوداوەکەوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا وتى: "بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە دەکەین کە کراوەتە سەر کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نەجەف، ئەو هێرشە لەلایەن کۆمەڵێک کەسی بێ ئاگا و بێگانە بە خۆپیشاندەران ئەنجامدراوە، ئەو جۆرە هێرشانەش زیان بە پەیوەندییەکانى نێوان بەغداد و تەهران دەگەیەنێت". , لەڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕو، لێکۆڵینەوە لەو ڕوداوە دەکەن و لایەنی هێرشکار و کەمتەرخەم سزا دەدەن و ڕێکاری یاساییش دەگرنەبەر. ,   لاى خۆشییەوە، عەباس موسەوى، وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران بە توندى ئیدانەى ڕوداوەکەى کردوو وتى: "پێویستە عێراق لایەن و بارەگا و کەسایەتییە دێپلۆماسییەکان لە وڵاتەکەى بپارێزێت". , ,