ناس کورد –
بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان لەناو پەرلەمانی ئێرانەوە، حەوت هەزار خۆپیشاندەر لە شارەکانی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.
.
ئامارەکە لە میانەی کۆبونەوەیەکی لیژنەی ئاسایشی نیشتیمانی ئێران ئاشکرا کراوە بەڵام دواتر دزەی کردووە بۆ ناو میدیاکان و یەکەم جاریشە بەرپرسێکی حکومی دەربارەی ژمارەی دەستگیرکراوەکان ڕونکردنەوە بدات.
.
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ی تشرینی دووەمی 2019، بەڕێوەچووە و حسێن حسینی، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتیمانیی پەرلەمانی ئێران ئاماری دەستگیرکردنی ئەو حەوت هەزار خۆپیشاندەرەى ئاشکرا کردووە.
.
هاوکات نوسینگەی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران IHR ڕایگەیاندوە: "ژمارە ئەو کەسانەی دەستگیرکراون بەرزبووەتەوە و چارەنوسی دەستگیرکراوەکانیش بە نادیاری ماوەتەوە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەشێکیان بەتوندی ئەشکەنجە دراون و بەزۆر دانپێدانایان لێوەرگیراوە و بەشێکیشیان هەڕەشەی سزای لەسێدارەدانیان لێکراوە".
.
ڕێکخراوەکە باسی لەوەشکردووە: "بەشێک لە خۆپیشاندەران کە دەستگیرکراون تا ئێستا چارنوسیان نادیارە و تەنانەت بە خێزانەکانیشیان ئاگادار نەکراونەتەوە لە دەستگیرکردن یان چارەنوسیان".
.
دوو ڕۆژ لەمەوبەریش ڕێکخراوی لێبوردنی ڕایگەیاند بوو: "ژمارەی ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون گەیشتووەتە 143 کەس و ئەگەری ئەوە هەیە کە ژمارەکە زیاتریش بەرزبێتەوە بەهۆی ڕێژەی زۆری بریندارەکانەوە".
.
لەلایەکی ترەوە، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند: "لەلایەن گەلانی ئێرانەوە زیاتر لە 20 هەزار نامە و ڤیدیۆ و وێنەیان پێگەیشتوە کە توندوتیژی و مامەڵە نەشیاوی هێزە ئەمنییەکانی ئێران دژی خۆپیشاندەران نیشان دەدەن و ئێمەش دڵنیایی دەدەین کە گەلانی ئێران جێناهێڵین و سزای قورسیش بەسەر حکومەتی ئێران دەسەپێنین".