گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دادگای ئیتاڵیا سزای 12 ساڵ زیندانی بەسەر مەلا کرێکاردا سەپاندووە

2019.11.27 - 12:53
دادگای ئیتاڵیا سزای 12 ساڵ زیندانی بەسەر مەلا کرێکاردا سەپاندووە
ناس کورد- برایەکی مەلا کرێکار دەڵێت، ڕۆژی 15ی تەموزی 2019 ئیتاڵیا سزای 12 ساڵ زیندانی بۆ مەلا کرێکار دەرکردووە و چەند کەسێکی تریشی بە زیندانی سزا داوە. . خالید ڕەنجدەر، برای مەلا کرێکار لە فەیسبوکی خۆی نوسیویەتی، ناوەڕاستی مانگی تەموزی ئەمساڵ "دۆسیەی 10 کەسی سەیرکردووە و سزای بۆ دەرکردوون و داواشی لە وڵاتەکانیان کردووە کە دەستبەسەریان بکەن تا ئەو کاتەی ئیتاڵیا داوایان دەکات و ڕادەستی دەکرێن." . دەشڵێت، "بڕیاری دادگای شاری بوڵزانۆی ئیتاڵی دژ بە مامۆستا کرێکار و نۆ کەسی تر بە زمانی ئیتاڵی و ئینگلیزی دەرکراوە و وەرگێڕانەکەشی بە زمانی کوردی گەیشتووەتە دەستی پارێزەرەکە و لای ئێمەش هەیە". . ئاماژەى بەوەشکردووە، "لێکۆڵینەوەی پۆلیس و دادگای ئیتاڵیا هەوڵی ئەوەیان داوە "ڕەوتی شاخ" کە ناوی گروپێک بووە لە ساڵی 2013دا تۆڕی پاڵتۆکیان بەکارهێناوە ببەستەوە بە ئەنساروئیسلامەوە". . ڕاشیگەیاند، "دادگای ئیتاڵیاش خۆی ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕەوتی شاخ بنکە و نوسینگەی لە هیچ وڵاتێک نەبووە و تەنها پاڵتۆکی بەکارهێناوە". . خالید ڕەنجدەر نوسیویەتی، "لە بڕیارەکەی دادگای ئیتاڵیادا هەوڵ دراوە تۆمەتی پلانی کاری تیرۆریستی بدرێتە پاڵ ڕەوتی شاخ، هەروەها بڕیارەکەی دادگا ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕەوتی شاخ پلانیان هەبووە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕوخێنن و خۆیان دەوڵەتێکی ئیسلامی لە شوێنی ئەو دروست بکەن و خەلیفەیەک هەڵبژێرن". . لە کۆتاییدا خالید ڕەنجدەر دەڵێت، "دەنگۆیەک هەیە کە نەرویج و لایەنێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بەرتیلیان دابێت بە ئیتاڵیا بۆ ئەوەی ئەو کەیسە بۆ مامۆستا دروست بکات و ئەوانی تریشی تێبئاڵێنێت تاکو کەیسەکەی مامۆستا قورستر بکەن".