گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

پێمان باش نییە سەرۆکی هەرێم دوو جێگری هەبێت

گۆڕان: پێکهێنانی حکومەت بەبێ یەکێتی هیچ بەهایەکی نیە

2019.03.26 - 13:24
App store icon Play store icon Play store icon
گۆڕان: پێکهێنانی حکومەت بەبێ یەکێتی هیچ بەهایەکی نیە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- شەهرام عەزیز

کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی سەبارەت بە دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی نوێی حکومەت بەردەوامە و هێشتا نەگەیشتوون بە هیچ ئەنجامێک، بزووتنەوەی گۆڕانیش پێیوایە پێویستە یەکێتی و پارتی بگەنە ڕێککەوتن و پارتی هیچ هەنگاوێک بەبێ یەکێتی نەنێت، چونکە "حکومەتی بەبێ یەکێتی هیچ بەهایەکی نابێت".

ساڵح ژاژڵەیی، جێگری سەرۆکی جڤاتی گشتی گۆڕان بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند "چاوەڕوانی کۆبوونەوەکانی یەکێتی و پارتی دەکەین و هیوادارین لە کۆبوونەوەی سبەینێدا (چوارشەممە) بگەنە ڕێکكەوتن و پارتی بەبێ یەکێتی هیچ هەنگاوێک نەنێت بۆ کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم و پێکهێنانی حکومەت، چونکە پێکهێنانی حکومەت بەبێ یەکێتی هیچ بەهایەکی نابێت".

بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی پڕۆژەیەکی هاوبەشیان هەیە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، سەبارەت بەوەی ئەگەر پارتی بەبێ یەکێتی هەنگاو بنێت بۆ کاراکردنەوەی ئەو دامەزراوەیە بزووتنەوەی گۆڕان هاوشانی پارتی بەشدار دەبێت، بەرپرسەکەی گۆڕان ڕەتیکردەوە هەڵوێستی بزووتنەوەکەی لەو بارەیەوە ئاشكرا بکات و ئاماژەی بەوەدا كە ئەوان چاوەڕوانی ئەوە دەکەن پارتی و یەکێتی بگەنە ڕێکەوتن و پێکەوە ئەو هەنگاوە بنێن.

لە ماوەی ڕابردوودا بەپێی ڕێکەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان جێگری سەرۆکی هەرێم لەم خولەدا درایە بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام لە کۆبوونەوەی رۆژی (یەکشەممە)ی ڕابردووی نێوان پارتی و یەکێتی، بەپێی هەندێک زانیاری کە لە سەرچاوەیەکی تایبەتی ناو یەکێتییەوە بە ناس کورد درا بوو "پارتی پێشنیازی کردووە سەرۆکی هەرێم دوو جێگری هەبێت و جێگری سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری سەربازی بدرێت بە یەکێتی".

لەو بارەیەوە ساڵح ژاژڵەیی ئاماژەی بەوە کرد " ئێمە تەداخولی ڕێکكەوتنی پارتی و یەکێتی ناکەین و بەڵام ناشبێت ڕێکەوتنەکەیان لەسەر حسابی ڕێکەوتنی ئێمە و پارتی بێت، بۆیە پێمان باش نییە سەرۆکی هەرێم دوو جێگری هەبێت، بەڵام پێویستە چاوەڕێ بکەین بزانین ئەو دوو حزبە لەسەر چی ڕێکدەکەون".

لە ئێستادا 177 ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕیوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کابینەی نوێی حکومەت پێکنەهێندراوە و سەرۆکایەتی پەرلەمانیش بەشێوەیەکی کاتی هەڵبژێردراوە و هیچ پڕۆژە یاسایەکی جێبەجێ نەکردووە.