گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

پەیامەکەى قوباد تاڵەبانى کاردانەوەى لێکەوتەوە

ناس کورد ئامارى نۆ مانگى توندوتیژی دژی ژنان بڵاودەکاتەوە

2019.11.25 - 11:53
App store icon Play store icon Play store icon
ناس کورد ئامارى نۆ مانگى توندوتیژی دژی ژنان بڵاودەکاتەوە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد-   لە نۆ مانگی ئەمساڵدا بەراورد بە نۆ مانگی ساڵی ڕابردوو، لە هەرێمى کوردستان دوو هەزار حاڵەتى توندوتیژی بەرامبەر ژنان زیادیکردووە، ئەوەش بەپێی ئامارەکانى بەڕێوەبەریەتى بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان. . ئەمڕۆ دووشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2019 هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە هەرێم دەستیپێکرد کە بۆ ماوەى 16 ڕۆژ بەردەوام دەبێت. . بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە نۆ مانگی ئەمساڵدا، هەشت هەزار و 509 ئافرەت سکاڵایان تۆمارکردووە بەهۆی ئەوەی توندوتیژیان بەرامبەر کراوە، لەکاتێکدا لە نۆ مانگی ساڵی ڕابردوودا، شەش هەزار و 532 سکاڵا تۆمارکراوە، واتە، لە نۆ مانگی ئەمساڵدا، نزیکەی دوو هەزار سکاڵا زیاتر تۆمارکراوە. . هاوکات، لە نۆ مانگی ئەمساڵدا 30 حاڵەتی کوشتنی ژنان هەبووە، بەڵام لە نۆ مانگی ساڵی ڕابردوودا 38 حاڵەتی کوشتنی ژنان هەبووە، واتە ڕێژەی کوشتن هەشت حاڵەت کەمتر بووە. . هەروەها بەگوێرەی ئامارەکە، لە نۆ مانگی ئەمساڵ، 55 حاڵەتی خۆکوشتن و 93 حاڵەتی خۆسوتان هەبوون، لە بەرامبەردا لە نۆ مانگی ساڵی ڕابردوو، 53 حاڵەتی خۆکوشتن و 88 حاڵەتی خۆسوتان هەبوون، کە ئەوەش ژمارەکان دەریدەخەن لە ئەمساڵدا ڕێژەی خۆکوشتن و خۆسوتانی ئافرەتان زیادیکردووە. . لەگەڵ ئەوەی ئامارەکانی توندوتیژی دژی ئافرەتان، زیادیکردووە، بەڵام پەخشان زەنگەنە، سەرۆکی گشتی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان، لە کاتی مەراسیمی ڕاگەیاندنی هەڵمەتەکەدا ئەوەی خستەڕوو، کە ئافرەتان لە هەرێم لە کرانەوە و بەرەوپێشەوە چوندان. . وتیشى "هەنگاوی گەورە نراوە بۆ بۆ بەرەوپێشچوونی ئافرەتان، سەرۆکی پەرلەمان ئافرەتە، سکرتێری پەرلەمان ئافرەتە، ئافرەتان لە زۆرێک لە پێگەکانی حکومەتدا دەسەڵاتدارن، کە ئەوە جێی دڵخۆشییە". . ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە لەم کابینەیەدا زیاتر ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان چالاکتر بکرێت و دەسەڵات و بودجەی زیاتر بێت. . هەروەها لە مەراسیمەکەدا، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند "حکومەتی هەرێم ناتوانێت بە تەنها ڕوبەڕووی حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی ژنان ببێتەوە و هەوڵی کەمکردنەوەی بدات، بەڵکو پێویستە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مامۆستایانی ئاینی و دەزگا ڕاگەیاندنەکان هاوکاربن، بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان". . لەناو ئەو سیاسەتمەدارانەى لە دەستپێکى هەڵمەتەکەدا پەیامیان ڕاگەیاند، پەیامەکەى قوباد تاڵەبانى جیاواز بوو، کە وێنەیەکی خۆی بڵاوکردووەوە و لەسەر تیشێرتەکەی نوسیویەتی "پیاوبە توندوتیژی دژی ژنان ڕاگرە"، ئەوەش کاردانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتووەتەوە. . هەندێک کەس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕەخنەیان لێگرتووە بەوەى پەیامەکە "نیشاندانى بازى پیاوە بەرانبەر ژنان"، هەندێکى دیکەش پشتیوانى پەیامەکەیان کردووە. . دواى کاردانەوەکان بەرانبەر پەیامەکەى، قوباد تاڵەبانى لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنوسان وتى "ئەوە پیاوە کە توندوتیژى دەکات دژى ژنان، ئەرکەکە لەسەر شانى پیاوە بۆ ئەوەى کۆتایی بەم دیاردەیە بهێنێت، بۆئەوەى بگەینە ئاستێکى هۆشیارى کە توندوتیژى دژى ژنان ببێتە عەیبە، هەندێکجار پێوستە بە پرسیارێک پرسەکە بوروژێنیت". . هاوکات نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دیدگایەکی ستراتیژیی فراوانیان داڕشتووە، "وەک نەخشەڕێگایەک بۆ پاراستنی ماف و گەشەپێدان و بەهێزکردنی پێگەی ژن لە کۆمەڵگە بە هەماهەنگی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان کاری لەسەر دەکەین".