کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- جێگرى سکرتێرى گشتى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان رایگەیاند "کۆنگرەی ئەمجارە کۆنگرەی چارەنوسسازە، ئەم کۆنگرەیە دەبێ ببێتە کۆنگرەی هەڵسانەوەی یەکێتی لە کوردستان و ناوچەکە". . بەرهەم ئەحمەد ساڵح، جێگرى سکرتێرى گشتى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لە میانەى کۆبوونەوەى لەگەڵ ئەنجومەنى ناوەندى یەکێتى لە سلێمانى باسی دۆخی ئێستای عێراقی کرد و تیشکی خستەسەر گۆڕانکاری لە عێراق و ناوچەکەدا. . بەگوێرەى راگەیەندراوى کۆبوونەوەکە، جێگرى سکرتێرى گشتى یەکێتى لەبارەى بارودۆخی بەغدا و رەنگدانەوەی لەسەر هەرێمی کوردستان ئاماژەى بەوە کردوە "پێویستە هێزە سیاسیەکانی ناوخۆی هەرێم هاوكار و یەکگرتوبن پێکەوە بەرۆحیەتێکی هاوبەش کێشەکانیان لەگەڵ بەغداد چارەسەر بکەن لەسەر بنەمای دەستور و هەنگاوبنێن بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان". . سەبارەت بە دۆخى ناوخۆى یەکێتیش بە گوێرەى راگەیەندراوەکە بەرهەم ساڵح بەپێویستیزانیوە خەبات و سیاسەتى دێرینی یەکێتی لەئێستادا ببێتە خزمەتکردنی خەڵکی و بە هەوڵی تێکۆشەران و ئەندامانی یەکێتی پەرە بەیەکێتی ناو یەکێتی بدرێت. . راگەیەندراوەکە روونیدەکاتەوە، جێگرى سکرتێرى گشتى کۆنگرەى چوارەمى یەکێتى بە چارەنووسساز ناوبردووە و جەختى کردۆتەوە "دەبێت کۆنگرەکە ببێتە مایەی نوێبونەوە و هەستانەوەی یەکێتی". . وتووشیەتى "بەستنی ئەم کۆنگرەیە لەغیابی جەنابی مام جەلال دا ئەرکی سەرشانمان قورستر دەکات دەبێت شەرم لەخۆمان بکەین گەر بەگیانی بەرپرسیاریەتیەوە مامەڵە لەگەڵ کۆنگرەدا نەکەین". . روونیشیکردەوە "بەستنی ئەم کۆنگرەیە بەشێوەیەکی سەرکەوتو کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر کوردستان و تەواوی ناوچەکەش، کۆنگرە ساڕێژکردنی زامەکانی یەکێتیە و دەبێت هیوا بەخش بێت بۆ سەرجەم لایەنگران و بەرپرسانی". .