ناس کورد-
ڕوسیا له‌ڕێگه‌ى به‌ربه‌ستدانان لەبەردەم پەسەندکردنى بودجه‌ى ڕێكخراوێكى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه، هه‌وڵى په‌كخستنى لێكۆڵینه‌وه له‌به‌كارهێنانى چه‌كى كیمیایى له‌سوریا ده‌دات.
.
کەناڵى سکاى نیوز بڵاویکردەوە، چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌سه‌ره‌تاى ساڵى داهاتوودا له‌لایه‌ن تیمێكى نێوده‌وڵه‌تى تایبه‌ته‌وه ڕاپۆرتێك له‌سه‌ر ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ى كه چه‌كى كیمیایان له‌سوریادا به‌كارهێنراوه بڵاوبكرێته‌وه، ئه‌وه‌ش واده‌كات په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان ئه‌ندامانى ڕێكخراوى قه‌ده‌غه‌كردنى چه‌كه كیمیاییه‌كان گرژى تێبكه‌وێت.
.
ئاماژە بەوەشکراوە، لهكۆبونهوهى ساڵانه‌ى ڕێكخراوه‌كه كه له‌ڕۆژى هه‌ینیه‌وه ده‌ستى پێكردووه و تا ڕۆژى دوو شه‌ممه‌ى ئه‌م هه‌فته‌یه به‌رده‌وام ده‌بێت، ڕوسیا هه‌ڕه‌شه‌ى به‌كارهێنانى مافى ڤیتۆ ده‌كات له‌په‌سه‌ندكردنى بودجه‌ى ساڵى 2020 ى ئه‌و ڕێكخراوه‌دا ئەگه‌ر بێت‌و ڕێكخراوه‌كه پاره بۆ ئه‌و تیمه دابینبكات كه لێكۆڵینه‌وه له‌به‌كارهێنانى چه‌كى كیمیایى له سوریادا ده‌كات.
.
بەپێی کەناڵەکە، بەربەستدانان لەبەردەم بودجه‌ى ڕێكخراوه‌كه، ده‌بێته مهترسیهكى گه‌وره بۆى، ته‌نانه‌ت ئەگه‌ر ئه‌مریكا و فه‌ڕه‌نسا و به‌ریتانیاش بیانه‌وێت به‌ده‌نگدانى زۆرینه ئه‌و مه‌ترسیه تێپه‌ڕێنن.
.
ساڵى 2018 سه‌ره‌ڕاى ناڕه‌زایه‌تى سوریا و ڕوسیا و هاوپه‌یمانه‌كانیان، ئه‌و ڕێكخراوه به زۆرینه‌ى ده‌نگى ئه‌ندامانى بڕیارى لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌به‌كارهێنانى چه‌كى كیمیایی له‌سوریا په‌سه‌ند كرد، وه‌كو كاردانه‌وه‌یه‌كیش مۆسكۆ ڕێكخراوه‌كه‌ى به‌وه تۆمه‌تباركرد كه كاروباره‌كانى به‌سیاسى كراون.