ناس کورد –
تەقینەوەیەک لە شاری گرێ سپی ڕۆژئاوای کوردستان ڕوویدا و بەهۆیەوە چەند کەسێک کوژران و برینداربوون، لە خۆرئاواى عەین عیساش شەڕى سەخت لەنێوان شەڕڤانان و سوپاى تورکیا و گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانى ڕوویدا.
.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، تەقینەوەیەك لە شاری گرێ سپی لە ڕۆژئاوای كوردستان کە ئێستا لەلایەن سوپای تورکیا و چەکدارەکانیەوە دەستى بەسەرداگیراوە ڕوویدا و بەهۆیەوە سێ كەس كوژران و چەند كەسێكیش برینداربوون.
.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان بەهۆی تەقینەوەکەوە دوو چەکدار كوژراون و حەوت کەسی دیکەش برینداربوون.
.
هاوکات ئاژانسى هاوار نیوز بڵاویکردەوە، گوندەکانى خۆرئاواى عەین عیسا ئەمڕۆ پێکدادانى توندیان بەخۆو بینیوە، لەنێوان شەڕڤانانى هەسەدە لەلایەک و سوپاى تورکیا و گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانى لەلایەکى دیکەوە.
https://www.youtube.com/watch?v=0EFRgp40JGU&feature=emb_title
لە ئێستادا دۆخی گرێ سپی و سەرێكانی كە كەوتۆتە دەست هێزەكانی توركیا بە دۆخێكی ناهەمواردا تێدەپەڕێت، هەرچەندە ئەوان هەسەدە بە تەقینەوەكان تۆمەتبار دەكەن، بەڵام هەسەدە ڕەتیدەکاتەوە و دەڵێت توركیا دەیەوێت خەڵكی ناوچەكە بە ناچارى ڕۆیشتن بكات و گۆڕانكاری لە دیمۆگرافیای ناوچەكەدا بكات.
.
لەماوەی مانگ و نیوى ڕابردوودا و لەوساتەوەی هێرشەکانی تورکیا دەستیان پێکردووە، سێ تەقینەوە لە قامیشلۆ و دوو تەقینەوە لە حەسەکە ڕویانداوە، کە بەهۆیانەوە نزیکەی 15 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و دەیانی دیکەش برینداربوون.