گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەغدا ئامادەکاریی دەکات بۆ وەرگرتنى نەوتى هەرێم

وەزیرى نەوتى عێراق: ساڵى داهاتوو هەرێم نەوت ڕادەستدەکات

2019.11.22 - 16:44
وەزیرى نەوتى عێراق: ساڵى داهاتوو هەرێم نەوت ڕادەستدەکات
ناس کورد-   وەزیرى نەوتى عێراق ڕایگەیاند، هەرێمى کوردستان لە ساڵى داهاتوودا پابەنددەبێت بە ڕادەستکردنى نەوت بە بەغدا، بۆ وەرگرتنى ئەو بڕە نەوتەش ئامادەکارییان دەستپێکردووە. . سامر غەزبان وەزیرى نەوتى عێراق لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەل کەناڵى (عەهد)ى عێراقى ڕایگەیاند "بودجەى ئەمساڵى عێراق روونە کە باسى ئەرک و مافەکانى هەردوو لایەنى بەغدا و هەرێم دەکات، حکومەتى هەرێم پابەنددەبێت بە ڕادەستکردنى لانى کەم 250 هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانە بە کۆمپانیاى سۆمۆ، بۆ ئەوەى هەناردەى جەیهان بکرێت و بفرۆشرێت، داهاتەکەشى وەکو داهاتى نەوتى بەسرە دەچێتە ناو بودجەوە". . جەختیشیکردەوە، ئەوە هەڵوێستى فەرمى ئەوان بووە و سازشى لەسەر ناکەن، بۆ ساڵى 2020 هەرێم بەوە پابەند دەبێت. . سامر غەزبان باسى لەوەشکرد، فەرمانى بە سۆمۆ کردووە خۆیان ئامادە بکەن، بۆ وەرگرتنى 250 هەزار بەرمیل نەوتى هەرێم لەسەرەتاى ساڵى داهاتووەوە. . وتیشى "ڕەنگە ڕۆژى یەکشەممە وەفدێکى هەرێم بێتە بەغدا و لەسەر بودجە  گفتوگۆ بکەین، لەسەر هەرێم پێویستە وەکو پارێزگاکانى دیکە مامەڵە بکات". . وتەکانى وەزیرى نەوتى عێراق لەکاتێکدایە، حکومەتى سەرقاڵى ئامادەکردنى پرۆژەى بودجەى ساڵى داهاتووە و هێشتا دیارنییە پشکى هەرێم لەبودجەدا چەندە. . بەپێی پڕۆژەى بودجەى ئەمساڵ، پشکى هەرێم بە %12.8 دیاریکراوە، لەبەرانبەر ڕادەستکردنى بڕى 250 هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانە، بەڵام لەبەرئەوەى هەرێم پابەندنەبوو بە ڕادەستکردنى نەوتەوە، بەغدا تەنها بڕێک پارەى بۆ موچەى فەرمانبەران نارد.