گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانتارێکى کورد لە بەغدا: پێویستە یاساى بڕینى ئیمتیازاتى سەرۆکایەتییەکان لە هەرێمیش کارى پێبکرێت

2019.11.20 - 14:39
پەرلەمانتارێکى کورد لە بەغدا: پێویستە یاساى بڕینى ئیمتیازاتى سەرۆکایەتییەکان لە هەرێمیش کارى پێبکرێت
ناس کورد-   پەرلەمانتارێکى فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، پێویستە یاساى تایبەت بە بڕین و هەڵوەشاندنەوەى ئیمتیازاتى سەرۆکایەتییەکان کە پەرلەمان پەسەندیکرد، لە هەرێمیش کارى پێبکرێت. . شەوى ڕابردوو پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى یەکەمى چەند پڕۆژە یاسایەک کرد و  یاساى خانەنشینى یەکگرتووى پەسەندکرد، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەى ئیمتیازاتى بەرپرسان. . بڵێسە جەبار فەرمان پەرلەمانتارى یەکێتى لە پەرلەمانى عێراق لەڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "ڕاستە ھەرێمی کوردستان پەرلەمانی خۆی ھەیە و دەتوانێت یاساکانی عیراق جێبەجێ بکات و لەگەڵ پێکھاتەی ھەرێمدا بیگونجێنێت، بەڵام لە زۆر روەوە دۆخی ئێستای ھەرێم ھاوشێوەی عێراقە". . ڕونیشیکردووەتەوە "لاوانمان بەدەست بێ ئیشی و کەم دەرامەتیەوە ساڵانێکە دەناڵێنن. کەمی سوتەمەنی و خزمەتگوزاری ھاودۆخە، نەبوونی شەفافیەت و گەندەڵی ھاوشیوەی پارێزگاکانی ناوەراست و باشورن. یاسای نەھێشتنی ئیمتیازاتی سەرۆکایەتیەکان پێویستە لە ھەرێمیش کاری پێ بکریت". . ئەو پەرلەمانتارە باسى لەوەشکردووە، کەمکردنەوەی موچەی پلە باڵاکان، نەھێشتنی دەرماڵە، کەم کردنەوەی ژمارەی سەیارەی سەرۆکایەتیەکان، نەھێشتنی بە کرێ گرتنی تەیارەی تایبەت بۆ سەرۆکایەتیەکان. نەھێشتنی بابی سەرف بۆ چارەسەری نەخۆشی لەلایەن سەرۆکایەتیەکان نەھێشتنی خانەنشیی پەرلەمانتاران و زۆرێکی تر لەو جۆرە بڕیارانە پێویستە پەرلەمانی کوردستانیش کاری لەسەر بکات. . ئەوەشى خستووەتەڕوو "کاروانى ئۆتۆمبیلى سەرۆکایەتی و وەزیرەکان لە وڵاتێکی ھەژاری وەک وڵاتی ئێمە بێجگە لە دیاردەیەکی قێزەوەن ھیچی تر نییە. ھیوادام ھەرێمیش بە سیستێمی دەرماڵەو ئەو ئمتیازاتە زۆرەی سەرۆکایەتیەکان دا بچێتەوە". . بەپێی ئەو یاسایەى پەرلەمانى عێراق پەسەندیکردووە، نابێت سێ سەرۆکایەتییەکە زیاتر لە پێنج ئۆتۆمبێلیان بۆ تەرخانبکرێت، لەگەڵ چوار ئۆتۆمبێل بۆ جێگرەکانیان، سێ ئۆتۆمبێل بۆ وەزیرەکان، تەرخاننەکردنى هیچ ئۆتۆمبیلێک بۆ پەرلەمانتاران، دوو ئۆتۆمبێل بۆ بریکارى وەزیرەکان، یەک ئۆتۆمبێل بۆ بەڕێوەبەرە گشتییەکان. . هەروەها یاساکە بەکرێگرتنى فڕۆکەى بۆ سێ سەرۆکایەتییەکە لەخەزێنەى دەوڵەت قەدەغەکردووە، تەنها بۆ وەفدى فەرمى نەبێت، سەرۆکایەتییەکان دەتوانن فڕۆکەى سەرۆکایەتى بەکاربهێنن. لەگەڵ ئەوەشدا ئیفادى بەرپرسان بەرێژەى 50% کەمکراوەتەوە. . بەپێی یاساکە، سەرجەم فەوجەکانى بەرپرسانى سەرۆکایەتیەکانى پێشوو، وەزیرەکان و کەسایەتییە سیاسییەکان لەساڵى 2003 ەوە تا ئێستا دەخرێنەوە ژێر فەرماندەیی سەرۆک وەزیران و ئەو ژمارەى پاسەوانیان بۆ دیاریدەکات.