ناس کورد-
وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرایکرد، خۆپیشاندانەکان بە هیچ شێوەیەک گرفتیان بۆ فرۆشی نەوتى وڵاتەکە دروست نەکردووە، سەرەڕای داخستنی ئەو ڕێگایانە کە دەچنەوە سەر کێڵگە نەوتییەکان.
,
ئەمڕۆ سێشەممە 19ى تشرینی دووەمی 2019، عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند: "سەرەڕای خۆپیشاندانەکان و داخستنی ڕێگاکان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، میکانیزمی بەرهەمهێنان و فرۆشی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق بەردەوام بوە و بە هیچ شێوەیەک دووچاری گرفت نەبوەتەوە".
,
وتەبێژى وەزارەتى نەوتى عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، کارکردن لە دامەزاراوە نەوتییەکان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بەردەوامن و قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت، بەهیچ شێوەیەک لە ئاستی دیاریکراوی خۆی دانەبەزیوە.
,
جیهاد ئەوەشى خستوەتەڕو: "خۆپیشاندەران بە ئەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەیان لەگەڵ کارمەندانی دامەزراوە نەوتییەکان کردووە".
,
لەبارەى ڕۆڵى وەزارەتەکەیان بۆ وەڵامدانەوەى داخوازى خۆپیشاندەران، وتەبێژى وەزارەتى نەوتى عێراق وتویەتى، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ داواکاریی خۆپیشاندەران، تا ئێستا دوو هەزار 800 پلەی وەزیفییان فەراهەم کردووە.
,
بە وتەى عاسم جیهاد، عێراق لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا چوار ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتوە.
,
بەگوێرەی داتاکانی ڕێکخراوی ئۆپیک، عێراق دووەم گەورەترین وڵاتى ئەندامى ڕێکخراوەکەیە لەڕوى هەناردەکردنى نەوتەوە، کە لە پاش سعودیە دێت.
,
,