ناس کورد-
دادگاى لێکۆڵینەوەى کەرخ تایبەت بە دۆسیەکانى نەزاهە، فەرمانى دەستگیرکردن و ڕێگریکردن لە چونە دەرەوەى عێراق و دەستبەسەرداگرتنى موڵک و ماڵى پەرلەمانتارێکى دەرکرد.
.
ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 18ى تشرینى دووەمى 2019 لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "دادگاى لێکۆڵینەوەى کەرخ فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ تەلال زوبەیعى ئەندامى پەرلەمان دەرکردووە".
.
ئاماژەى بەوەشکردووە، بەپێی بڕیارەکە، ڕێگرى لە زوبەیعى دەکرێت بچێتە دەرەوەى عێراق و دەستبەسەر موڵک و ماڵەکەشیدا دەگیرێت.
.
بڕیارەکەى دادگا بەپێی ماددەى 308ى یاساى سزادانى عێراقى دەرکراوە.
.
پێشتر ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى داواى لە دادگاکان کرد فەرمانى دەستگیرکردن بۆ هەر پەرلەمانتارێک دەربکەن کە لەسەر دۆسیە جیاجیاکان داواکراون، بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمانى عێراق.
.
داواکەى ئەنجومەنەکە لە دادگاکان دواى ئەوەهات کە پەرلەمان مافى پارێزبەندى لەسەر سەرجەم ئەندامەکانى هەڵگرت، وەک رێگەخۆشکردنێک بۆ دادگا تا ئەو پەرلەمانتارانە دەستگیربکات کە تۆمەتیان ڕوبەڕوو کراونەتەوە.