کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕێکاری یاسایی توند دەگرنەبەر دژ بەو بەرپرسە عێراقییانەی کە دەستیان لە "گەندەڵی"دا هەیە، ڕەتیشیدەکاتەوە دەستوەردان بکات لە هەموارکردنەوەی دەستورى وڵاتەکە. , ئەمڕۆ یەکشەممە 17ى تشرینی دووەمی 2019، جۆی هود، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دیدارێکیدا لەگەڵ کەناڵی عێراقیە ڕایگەیاندووە: "لە چەند مانگی داهاتودا دەستدەکەین بە پەیڕەوکردنی ڕێکاری یاسایی توند، دژ بەو کەسانەی دەستیان هەبوە لە دزینی پارە و سامانی گەلی عێراق". , ئەو بەرپرسەى ئەمریکا ئەوەشى خستوەتەڕو: "ئەو ڕێکارانە ماوەیەکی زۆری دەوێت، چونکە ئەوەی ئەنجامی دەدەین ڕێکاری یاسایین، پێویستیان بە کات هەیە". , جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، گەلی عێراق دەیانەوێت خۆری گەندەڵی لە وڵاتەکەیان ئاوابێت، بە جەختکردنەوەشەوە وتى: "ئەمریکا مامەڵە لەگەڵ هەموو کەسایەتییەکی نیشتیمانپەروەری عێراقی دەکات". , سەبارەت بە هەوڵەکانی پەرلەمان بۆ هەموارکردنەوەی دەستورى عێراق، هود وتی: "هەموارکردنەوەی دەستور پرسێکی عێراقییە، بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە ئەمریکا و هیچ وڵاتێکی دیکەوە نییە". , لێدوانەکانی جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەکاتێکدایە، ئەمریکا لە چەند مانگی ڕابردوودا کۆمەڵێک سزای بەسەر چەند کەسایەتییەکی حەشدی شەعبی سەپاند. , ئەمڕۆ بۆ زیاتر لە سێ هەفتەى لەسەر یەک، خۆپیشاندان بەغداد و شارەکانى دیکەى عێراقی گرتەوە، خۆپیشاندەران داواى دەستلەکارکێشانەوەى حکومەتیان دەکرد. , ,