کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد- شۆڕش محەمەد
بارینی بارانێكی زۆر لەپارێزگای سلێمانی بووە هۆی بچڕانی كارەبای نیشتیمانی چەند گەڕەكێگی شاری سلێمانی و بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی بڵاوی كردۆتەوە لەفیدەرێكدا باران بارین ئەستونێكی كارەبای بردووە.
سیروان محەمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی، تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند "ئەو بارانەی كە ئەمڕۆ سنوری پارێزگای سلێمانی گرتەوە زیانی بە پێنج لاینی گەورە گەیاندبوو و نزیكەی 90 فیدەریش شۆرت و كێشەی تیا دروست بوو".
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی ئاماژە بەوە دەكات تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتییان توانیوویانە تائێستا لەسەدا نەوەدی كێشەی بچڕانی كارەبای نیشتیمانی ئەو فیدەرانەی سلێمانی چارەسەر بكەن و كارەبا بگەڕێننەوە بۆ هاونیشتیمانیان و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە بەردەوام دەبن لە چارەسەركردنی كێشەكانی تر و دۆزینەوەی شۆرتی ئەو فیدەرانەی تر كە وەستاوون.
لەگەڵ باران بارینەكەی ئەمڕۆی پارێزگای سلێمانی و بچڕانی كارەبای نیشتیمانی لەبەشێك لەفیدەرەكان كارەبای نیشتیمانی عەربەت و قەرەداغ راگیرا، سیروان محەمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی روونیكردەوە "بچڕانی كارەبای نیشتیمانی عەربەت و قەرەداغ چارەسەر كراوە و كارەباكەیان بۆ گەڕاوەتەوە".