گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نوسین بە نوسین وەڵام دەدرێتەوە

دەستگیرکردنى بەڕێوەبەرى ڕادیۆى دەنگ لە گەرمیان کاردانەوەى بەدواداهات

2019.11.13 - 17:58
دەستگیرکردنى بەڕێوەبەرى ڕادیۆى دەنگ لە گەرمیان کاردانەوەى بەدواداهات
ناس کورد- بەڕێوەبەرى ڕادیۆى دەنگ لە گەرمیان بە فەرمانى دادوەر لەسەر سکاڵایەکى ساڵى 2015 دەستگیرکرا، لە ئێستاشدا لە گرتن و گواستنەوەى گەرمیان دەستبەسەرە و ئەو دەستگیرکردنەش کاردانەوەى لە ئاستى هەرێم و عێراقدا بەدوادا هات، قوباد تاڵەبانیش هاتە دەنگ و وتى: "نوسین بە نوسین وەڵامدەدرێتەوە". ر ڕادیۆى ده‌نگ له‌ گه‌رمیان ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 13ى تشرینى دووەمى 2019، ڕایگەیاند: "به ‌فه‌رمانى دادوه‌رى كه‌لار و له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ى هه‌واڵێك له‌ ساڵى 2015، ئازاد عوسمان، به‌ڕێوه‌به‌رى ڕادیۆى دەنگ تا ڕۆژى دادگاییكردنى كه‌ ده‌كاته‌ ڕۆژى دووشه‌ممه‌ى هەفتەى داهاتو له ‌زیندان ڕاگیراوه"‌ , ئاماژه‌ بەوەشكراوه‌، ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسه‌ به‌ده‌ر له ‌یاساى ڕۆژنامه‌وانى كه‌ له‌ په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ ده‌ركراوه‌، مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا كراوه‌. , پاش بڵاوبوونەوەى هەواڵى ده‌ستگیركردنى ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسەى گەرمیان،‌ هەنگاوەکەى دادگاى کەلار كاردانه‌وه‌ى فراوانى به‌دوادا هات، بەشێک لە ڕۆژنامه‌نوسانى هه‌رێم له‌و باره‌وه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه،‌ ده‌ستگیركردنى ئازاد عوسمان و هاوپیشه‌كانى ترى كه‌ له‌ چه‌ند ڕۆژى ڕابردوودا لە هەرێم ڕوبه‌ڕوى دادگا كراونه‌تەوه‌ به‌ده‌ر له ‌یاساى ڕۆژنامەوانى "پێشێلكردنى یاسایه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندى چه‌ند چینێك". , لاى خۆشیەوە لەسەر کەیسى دەستگیرکردنى ئازاد عوسمان، قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێم لە نوسینێکیدا لە فەیسبووک ڕایگەیاند: "زیندان شوێنی ڕۆژنامەنوس و ڕەخنەگران نییە، بەڵکو شوێنی دز و پیاوکوژانە، نوسین بە نوسین وەڵام دەدرێتەوە". , لە بەشێکى ترى نوسینەکەیدا تاڵەبانى دەڵێت: "ئەگەر ڕۆژنامەنووسێکیش هەڵەیەکی کرد و بێ بەڵگە کەسێک و لایەنێکی تۆمەتبار کرد ئەوا یاسای کاری رۆژنامەگەریمان هەیە و دەبێت بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، نەک پەنا ببرێت بۆ دەستگیرکردن و هەڕەشە و توندووتیژی". , "لەماوەی داھاتودا کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕۆژنامەنوسان رێکدەخەم، بۆ ئەوەی ڕێوشوێنێک بدۆزینەوە بۆ چۆنیەتی کۆتاییهێنان بەم جۆرە مامەڵەکردنانە، کە دواھەمینیان دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوس ئازاد عوسمانە"، جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێم وا دەڵێت. , له ‌كاردانه‌وه‌یه‌كیشدا هه‌ر له‌سه‌ر دەستگیرکردنى ئازاد عوسمان، سه‌نته‌رى میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنوسان ڕاگه‌یه‌ندراوێكى لەژێر ناونیشانى "دەستگیرکردن وەک تۆڵە" بڵاوكرده‌وه و دەڵێت، سەرنجی داوە هەندێ لە كەیسەكانی تایبەت بە بڵاوکراوە ڕۆژنامەوانییەکان لە بنكەكانی لێكۆڵینەوەی هەرێمی كوردستان، بەتەواوەتی یاسای كاری ڕۆژنامەنوسی فەرامۆشدەكرێت و بە یاسایەكی تر لێكۆڵینەوە لەگەڵ رۆژنامەنوسدا دەكرێت و دەستبەسەردەکرێن، کە ئەوەش "وەك تۆڵەكردنەوە لە ڕۆژنامەنوسان بەكاردێنن". , سه‌نته‌رى میترۆ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌، لە یاسای كاری ڕۆژنامەگەریدا باس لە دەستبەسەركردن و حوكمی زیندان نەكراوە، بۆیە جەختدەكەینەوە "دەبێت بە بڕگەكانی یاسای ڕۆژنامەگەری مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان بكرێت، دەستبەسەركردن و ڕاگرتنی ڕۆژنامەنوسان لە بنكەكانی پۆلیس و ئاسایش تۆڵەكردنەوەیە لە میدیاكاران و ئێمە ڕەتیدەكەینه‌وه". , لەبارەى هۆکارى زیندووکردنى ئەو سکاڵایەى ساڵى 2015ە، ڕادیۆى ده‌نگ دەڵێت: "ئه‌و دادوه‌ره‌ى كه‌ ئه‌مڕۆ بڕیارى ده‌ستبه‌سه‌ركردنى بۆ به‌رێوه‌به‌رى ڕادیۆى ده‌نگ ده‌ركردووه،‌ دوو ساڵه‌ داواى گواستنه‌وه‌ى كردووه‌ و بۆى نه‌كراوه،‌ ئێستاش له‌ سه‌رده‌مى ناڕه‌زایه‌تى ژماره‌یه‌ك له ‌دادوه‌ران هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ دروستكردنى ناڕه‌زایه‌تى و سود وه‌رگرتن له‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى دواجار بۆ گواستنه‌وه‌كه‌ى سودى لێ وه‌ربگرێت". , لەلایەکى ترەوە، ڕوانگه‌ى عێراقى بۆ ئازادى ڕۆژنامه‌گه‌رى له ‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكیدا سەرەکۆنەى ده‌ستگیركردنى ئازاد عوسمانى كرد و داواشى له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى شارى كه‌لار كرد، "به‌پێى یاسایى ڕۆژنامه‌گه‌رى له ‌عێراق له‌گه‌ڵ ئازاد عوسماندا مامه‌ڵه‌ بكه‌ن". , لاى خۆشییه‌وه‌ عه‌لى حه‌مه‌ساڵه‌ح، سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان له‌ پەرله‌مانى كوردستان له‌ فه‌یسبووکى خۆى وێنه‌یه‌كى ئازاد عوسمانى بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ و نوسیویه‌تى: "کارنەکردن بە یاسای ڕۆژنامەوانی و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنوس بەھۆی پیشەکەی بە یاسایەکی دیکەى جگە لە یاسای کاری ڕۆژنامەوانی، کارێکی ھەڵە و یاسا شکێنییه‌". , ,