کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارى عێراق و نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەکۆشکى سەلام لەبەغدا کۆبوونەوە و چەند پرسێکیان تاوتوێکرد. . بەپێی ڕاگەیەنراوێکى سەرۆکایەتى کۆمارى عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی سیاسی و ئەمنی و پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان کراوە، ھاوکات جەختکرایەوە لە چەسپاندنی سەقامگیریی وڵات و دەستەبەرکردنی ژیانێکی باشتر بۆ گەلی عێراق. . لاى خۆیەوە، بەشیر حەداد جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق و بەشداربووى کۆبوونەوەکە بە ڕۆژنامەنوسانى ڕاگەیاند "لەکۆبوونەوەکەدا باسى پرسی هەموارکردنەوەى دەستور کراوە، باس لەوەکراوە کە هەرێم لەگەڵ ئەو پڕۆسەیەدایە ئەگەر لەمەى ئێستا باشتر بێت". https://www.youtube.com/watch?v=e5nVhgb7GJY&feature=emb_title ڤیان سەبرى سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق و بەشداربووى کۆبوونەوەکە ئاماژەى بەوەکرد، جگە لە پرسی هەموارى دەستور و خۆپیشاندانەکان، باس لە گرنگى دروستکردنى هاوپەیمانى کوردستانى کراوە، تا بەیەک هەڵوێست کارەکانیان بکەن. . وتیشى "ئەگەر هەموارى دەستور ببێتە هۆى سەقامگیریی عێراق شتێکى باشە، گرنگیشە فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەو بارەیەوە یەکدەنگ بن، کارەکانى هەموارکردنەوەکەش بە تەوافوقە نەک بە دەنگدان". . سەرلەبەیانى ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانى بەسەردانێکى پێشتر ڕانەگەیەنراو گەیشتە بەغدا و لەگەڵ عادل عەبدولمەهدى و بەرهەم ساڵحدا کۆبووەوە. . سەرچاوەیەک کە ئاگادارى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى نێوان عەبولمەهدى و نێچیرڤان بارزانى یە وتى “بارزانى لەکۆبوونەوەکەدا پشتیوانى تەواوى بۆ حکومەتەکەى عەبدولمەهدى دوپاتکردووەتەوە و باسى لە پێویستى چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغدا کردووە”.