ناس کورد-
سەرچاوەیەک لە نوسینگەى سەرۆک وەزیرانى عێراق ڕایگەیاند، ئەبو جیهاد هاشمى بەڕێوەبەرى نوسینگەى عادل عەبدولمەهدى نامەى دەستلەکارکێشانەوەى پێشکەشکردووە.
.
سەرچاوەکە بە ناس کوردى ڕاگەیاند "هاشمى نامەى دەستلەکارکێشانەوەى ڕادەستى عەبدولمەهدى کردووە"، بەبێ ئەوەى زانیارى زیاتر ئاشکرابکات.
.
هاوکات چەند سەرچاوەیەکى دیکە ئاماژەیان بەوەکرد، هاشمى لە بەهۆى خۆپیشاندانەکانى ئێستاوە دەستى لەکارکێشاوەتەوە، بەتایبەتى تۆمەتەکانى پەیوەست بە سەرکوتکردنى خۆپیشاندانەکان، ئەوەش عادل عەبدولمەهدى توشى ئیحراجى زۆر کردووە.
.
تا ئێستا دیار نییە عەبدولمەهدى نامەى دەستلەکارکێشانەوەکەى پەسەند کردووە یان ڕەتیکردووەتەوە.
.
ئەبو جیهاد هاشمى ناوى ڕاستەقینەى محەمەد هاشمى یە، بەڕێوەبەرى نوسینگەى سەرۆک وەزیرانى عێراقە و بەپێی یاسا پلەکەى وەزیرە و خاوەنى دەسەڵاتێکى بەرفراوانە.
.
هاشمى سەر بە ئەنجومەنى باڵاى ئیسلامییە و پێش ئەوەى ببێتە بەڕێوەبەرى نوسینگەى عەبدولمەهدى، سەرپەرشتى مامەڵە داراییەکانى ئەنجومەنەکەى دەکرد.