گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حکومەت و پەرلەمان دەربارەی چارەنوسی سێ موچە دواکەوتووەکەی ئەمساڵ کۆدەبنەوە

2019.11.10 - 11:35
حکومەت و پەرلەمان دەربارەی چارەنوسی سێ موچە دواکەوتووەکەی ئەمساڵ کۆدەبنەوە
ناس کورد- شەهرام عەزیز   بڕیارە لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان و وەزیری دارایی هەرێم دەربارەی چارەنوسی ئەو سێ موچەیەی فەرمانبەران کە لای حکومەتە کۆببنەوە و سەرۆکی لیژنەی داراییش دەڵێت، بەم دۆخەی ئێستاوە حکومەت ناتوانێت موچەی ئەو سی مانگە بداتەوە. . هەرچەندە ئێستا مانگی 11 یە بەڵام حکومەت موچەى مانگی هەشت دابەشدەکات، بەو پێیەش موچەى سێ مانگ دواکەوتووە، ئێستاش کە ساڵی نوێ نزیکدەبێتەوە و بودجەی 2019 کۆتایی دێت، دیار نییە ئەو سێ موچەیەی فەرمانیەرانی هەرێم چارەنوسی چی لێدێت. . زیاد جەبار، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند "بڕیاربوو لە هەفتەی ڕابردوودا وەزیرى دارایی بێتە پەرلەمان و لەگەڵ لیژنەکەمان کۆبێتەوە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی عێراقەوە سەردانەکە نەکرا و بڕیارە بەمنزیکانە بێتە پەرلەمان و یەکێک لە تەوەری گفتوگۆکانمان پرسی ئەو سێ موچەیە دەبێت". . وتیشی "پێموانیە بەم دۆخەی ئێستاوە و بەمنزیکانە حکومەتی هەرێم بتوانێت ئەو سێ موچەیە بگێڕێتەوە، بەتایبەتی کە تائێستا دیارنییە کەی بوجەی عێراق دەبرێتە پەرلەمان و پەسەند دەکرێت، دیاریش نییە ئایا هەرێم بودجەی تەواوی خۆى لەبەغدا مسۆگەر دەکات، یاخود وەک ئەمساڵ تەنها پارەی موچەی بۆ دەنێرن، یاخود هەر هیچ پارەیەک نانێرن، بەڵام بۆ هەرسێ دۆخەکە پێویستە هەرێم پلانی خۆی هەبێت". . سەرۆکی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر بۆ ساڵی داهاتوو هەرێم ڕێککەوتنی نوێ لەگەڵ بەغدا نەکات و بودجەی خۆی جێگیر نەکات، ئەوا وەک ئەمساڵ هەرێم تەنها دەتوانێت مانگانە موچە دابەشبکات، بۆیە پێویستە هەرێم بودجەی خۆی مسۆگەر بکات و خۆی ڕێکبخاتەوە و پلان بۆ کارەکانی دابنێت و بەشێك لەو کێشانە چارەسەر بکات. . زیاد جەبار باسی لەوەشکرد، ئەو موچەیەی پێشمەرگە کە تائێستا بەغدا نەیناردووە و هەرێم خۆی موچەی دابەشکردووە، ئەگەر هەمووی بنێرێت بەسەریەکەوە، ئەوا هەرێم هەندێک داهاتی زیاد دەکات و دەتوانێت موچەی مانگێک یاخود دوو مانگی ئەو سێ موچەیە دابەشبکات. . سەبارەت بە پرسە ناس کورد پەیوەندیکرد بە وەزارەتی دارایی و وتەبێژی حکومەتی هەرێمەوە، بەڵام وەزارەتی دارایی ئامادە نەبوو هیچ ڕوونکردنەوەیەک بدات و وتەبێژی حکومەتیش وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە.