گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەگەر هەیە عەبدولمەهدى بچێتە پەرلەمان ڕەنگە هەموو شتێک ئاشکرابکات

2019.11.09 - 11:27
ئەگەر هەیە عەبدولمەهدى بچێتە پەرلەمان  ڕەنگە هەموو شتێک ئاشکرابکات
ناس کورد- ئەمڕۆ پەرلەمانى عێراق کۆدەبێتەوە بۆ قسەکردن لەسەر داواکارى خۆپیشاندەران و یاساى هەڵبژاردنەکان، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت باس لە ئەگەرى ئامادەبوونى عادل عەبدولمەهدى دەکرێت، بەڵام هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە. . ئەحمەد سەفار ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى پارتى بە ناس کوردى ڕاگەیاند "لەکۆبوونەوەکەدا تاوتوێی داواکارییەکانى خۆپیشاندەران دەکرێت، وەکو فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش بەشداردەبین تێیدا". . لەبارەى ئەگەرى ئامادەبوونى عەبدولمەهدییەوە، ئەو پەرلەمانتارە باسى لەوەکرد، باس لەو پرسە دەکرێت، بەڵام هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە، ئەگەر هەیە ئامادەبێت و ئەگەریش هەیە ئامادە نەبێت. . ڕۆژى 29ى مانگى ڕابردوو، پەرلەمانى عێراق دەنگیدا لەسەر بانگهێشتکردنى عادل عەبدولمەهدى بۆ پەرلەمان بۆ تاوتوێکردنى داواکاریی خۆپیشاندەران، بەڵام هێشتا نەچووەتە پەرلەمان. . ئەحمەد سەفار وتى "عەبدولمەهدى مەرجى هەیە بۆ ئامادەبوونى لە پەرلەمان، بەشێوەیەک کۆبوونەوەکە ڕاستەوخۆ پەخشبکرێت، ئەوەش قورسە لایەنەکان پێی ڕازى بن، چونکە ئەگەر هەیە عەبدولمەهدى هەموو شتێک لەبارەى گەندەڵى و دۆخى ئێستاوە ئاشکرابکات". . وتیشى "ئێستا دەستلەکارکێشانەوەى عەبدولمەهدى کە داوایەکى خۆپیشاندەرانە لەدەست خۆى نەماوە، کەوتووەتە دەست بەشێک لە کوتلەکان و هەندێ لایەنى دەرەکییەوە". . لەدواى سەرهەڵدانەوەى خۆپیشاندانەکانەوە، عادل عەبدولمەهدى چەند بڕیارێکى چاکسازى دەرکردووەو دەیەوێت بەجێبەجێکردنیان خۆپیشاندەرانى توڕە ئارام بکاتەوە، بەڵام بڕیارەکان خۆپیشاندەرانیان ڕازینەکردووە. . هەفتەى ڕابردوو عادل عەبدولمەهدى لەوتەیەکدا ڕایگەیاندبوو، حکومەتەکەى ئامادەیە دەستلەکاربکێشێتەوە ئەگەر لە بەرژەوەندى وڵاتدا بێت.