گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شەوى سوتانى خێمەى مانگرتووانى کەربەلا و بەسرە؛ خۆپیشاندەران قورئانێکى سوتێنراو دەبەنە مەزارێکى ئاینى

2019.11.08 - 14:24
شەوى سوتانى خێمەى مانگرتووانى کەربەلا و بەسرە؛ خۆپیشاندەران قورئانێکى سوتێنراو دەبەنە مەزارێکى ئاینى
ناس کورد –   شەوى ڕابردوو هێزە ئەمنییەکان خێمەى تایبەت بە مانگرتنى خۆپیشاندەرانیان لە کەربەلا و بەسرە سوتاند، لە چوارچێوەى ئەو هەوڵانەدا کە بۆ کۆتایی هێنان بە ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکان دەستیان پێکردووە. . ئەمڕۆ هەینی، 8ی تشرینی دووەمی 2019، پەیامنێری ناس کورد لە شاری کەربەلا لەسەر زاری چەندین شایەتحاڵ و ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکانەوە ڕایگەیاند، درەنگانێکی شەوی ڕابردو، ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی بەرەنگاربونەوەی خۆپیشاندەران و چەند هێزێکی دیکەی نەناسراو و هێزی سوات دوای ئەوەی هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەران لەناوەڕاستی شاری کەربەلا لەگۆڕەپانی تەربیە، سەرجەم ئەو خێمانەیان سوتاندوە کە خۆپیشاندەران هەڵیاندابوو بۆ ئەوەی شەوان تیایدا بمێننەوە. . دواى سوتانى خێمەى مانگرتوان، ئەمڕۆ ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران کە قورئانێکى سوتێنراویان هەڵگرتبوو چوونە مەزارى ئیمام حسێن و دروشمیان دژى سەرکوتکردنیان وتەوە. . لەلایەکى دیکەوە، پەیامنێری ناس کورد لە بەسرە ئاماژەی بەوەکرد، هێزە ئەمنییەکان لەبەسرەش خێمەی خۆپیشاندەرانیان لە گۆڕەپانی ئیعتیسام سوتاندووە کەلەبەردەم بارەگای باڵەخانەی بەسڕە هەڵیان دابوو.   باسی لەوەشکرد "هێزەکانی سوپای عێراق و هێزی سواتی عێراقی زۆر بەتوندی ڕوبەڕوی خۆپیشاندەران بونەتەوە و گازی فرمێسک ڕێژ و دوکەڵدار و چەکیان بەکارهێناوە، هەروەها فشارێکی زۆریان کردووە بۆ ئەوە گۆڕەپانی ئیعتیسام چۆڵ بکەن". . پەیامنێری ناس کورد وتیشی "هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردووەتە سەر بارەگای چەند تەلەفیزۆنێک بۆ ئەوەی ڕێگەنەدەن دیمەنى پێشێلکارییەکانیان بگوازنەوە". . سەرچاوەیەکیش لە نەخۆشخانەی فەیحا کە نزیکە لە گۆڕەپانی ئیعتیسام بە پەیامنێری ناس کوردی ڕاگەیاند "ژمارەیەکی زۆر لە بریندار و چەند کەسێکیشیان هێناوەتە نەخۆشخانەکەمان کەبەهۆی گولەی هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراو و بریندار بوون". . هاوکات ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەداوە، هێزە ئەمنییەکان بەتوندی ڕوبەرڕوی خۆپیشاندەرانی بەسڕە بونەتەوە و بەهۆیەوە چوار خۆپیشاندەر کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون. . هەروەها لەشارەکانی باشورو ناوەڕاستی عێراق حکومەت بەردەوامە لە سانسۆرخستنە سەر هێڵەکانی ئینتەرنێت بۆ ئەوەی دەنگی خۆپیشاندەران نەگات بە جیهان.