گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە پەرلەمانی میسڕەوە بەفەرمی داوای وەستاندنی تیک تۆک دەکرێت

2019.11.05 - 17:03
لە پەرلەمانی میسڕەوە بەفەرمی داوای وەستاندنی  تیک تۆک  دەکرێت
ناس کورد- پەرلەمانتارێکی میسڕ بەفەرمی داوای لە حکومەت و پەرلەمانی وڵاتەکەی کردووە، بەرنامەی "تیک تۆک" ڕابگرن، داواکەش بەپەلە ئاڕاستە کراوە. , ئەمڕۆ سێشەممە 5ی تشرینی دووەمی 2019، ژنە پەرلەمانتارێکی میسڕی بەناوی مایسە عتوە داواکارییەکی فەرمی و بەپەلەى پێشکەش بە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی میسڕ و وەزارەتی ناوخۆ و گەیاندنی وڵاتەکەی کردووە، کە بەرنامەی "تیک تۆک" ڕابگرن و ڕێگە نەدەن گەنجان و خەڵکانی میسڕ بەکارى بهێنن. , ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەى بەوەشکردووە: "بەرنامەی تیک تۆک بەشێوەیەکی زۆر خێرا لەناو خەڵکدا بڵاوبووەتەوە و بەتایبەت لەنێو گەنجان لە ئێستادا ڕێژەیەکی ئێجگار زۆر بەکارهێنەری هەیە". , عەتوە باسی لەوەشکردووە: "چەند گروپێکی تیرۆرستی ئەو دەرفەتەیان قۆستوەتەوە، ئەو بەرنامەیە بەکاردەهێنن بۆ بڵاوکردنەوەی بیروڕا و فکری توندڕەوی و ڕۆژانە ئەو سرود و مارشانە بڵاودەکەنەوە کە بانگەشە دەکەن بۆ بیری توندڕەوی". , وەک نمونەیەک بۆ وتەکانى و داواکەى پەرلەمانتارەکەى میسر دەڵێت: "چەندین تۆماری ڤیدۆیی لەو تۆڕە بڵاوکراوەتەوە، چۆنیەتی دروستکردنی بۆمبی دەستی و مۆلۆتۆڤ و چەند جۆرە چەکێکە، کە لە کردەوە تیرۆستی و هێرشبەرییەکاندا بەکاردێت". , ئەمەش لەکاتێکدایە پێشتریش جاک چۆمەر، سەرۆکی دیموکراتییەکان و تۆم کۆتۆن، سیناتۆری کۆمارییەکان، لە کۆنگریسی ئەمریکا نامەیەکیان ئاڕاستەی دەزگاکانی هەواڵگریی ئەمریکا کردبو ڕایانگەیاند: "بەدواداچوونێکی ورد بکەن بۆ تایبەتمەندییەکانى تیک تۆک، کە تۆڕێکى کۆمەڵایەتیی چینییە بۆ ئەوەی دڵنیابن کە ئامرازێکی سیخوڕى وڵاتی چین نییە بۆ سەر ئەمریکا". , “تیک تۆک” تۆڕێکى کۆمةڵایەتییە لەلایەن کۆمپانیای “پایت دانس”ی چینییەوە دروستکراوە، لەڕێگەی ئەو تایبەتمەندییانەوەى هەیەتى دەتواندرێت گرتە ڤیدیۆیی بەشێوەیەکی ئاسان و پێشکەوتوتر لەنێوان بەکارهێنەرانی ئاڵوگۆڕ بکرێت، لەئێستاشدا زیاتر لە 500 ملیۆن کەس لە جیهان بەکاریدەهێنن.