کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح
بەر لەوەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەکاری دووریبخاتەوە، پارێزگاری نەینەوا بە ڤایبەر نامەی دەستلەکارکێشانەوەی بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکە ناردووە، بەڵام داواکەی ڕەتکراوەتەوە.
لە دوای ڕووداوی دورگە گەشتیارییەکەی موسڵەوە، تا دێت فشارەکان لەسەر نۆفل عاکوب پارێزگاری موسڵ زیاد دەبن، دواجار ئەنجومەنی نوێنەران ئەمڕۆ بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دوورخستنەوەی پارێزگار و دوو جێگرەکەی دا.
عاید لویزی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ پارێزگار لە ڕێی ڤایبەرەوە نامەی دەستلەکارکێشانەوەی ئاڕاستەی ئەنجومەنەکەیان کردووە، بەڵام ئەو داوایەیان ڕەتکردوەتەوە، "چونکە ترسمان هەیە دوای ماوەیەک تانە لە هەر بڕیارێک بدات کە ئەنجومەنەکە بیدات."
لویزی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە بۆ ماوەی 15 ڕۆژ دەرگای هەڵبژاردن دەکەنەوە بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت پۆستی پارێزگار وەربگرن لەڕێی پێشکەشکردنی سیڤییەوە.
شەوی ڕابردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق لە نامەیەکدا داوای لە پەرلەمانی عێراق کرد بەهۆی کەمتەرخەمی لە کارەکانیان، بڕیاری لەکارلابردنی پارێزگاری نەینەوا و هەردوو جێگرەکەی دەربکەن، ئەمڕۆش لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا بڕیاری لە کارخستنیان درا.
لەکارلابردنی بەرپرسانی پارێزگای نەینەوا لە کاتێکدایە کە ڕۆژی پێنجشەممەی رابردوو، بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمێکی گەشتیارییەوە لە موسڵ زیاد لە سەد کەس خنکان و دەیانی دیکەش بێسەروشوێن بوون.