گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەمساڵ دوو لەسەر سێی داواکارییەکانى مافی پەنابەرێتی لە ئەڵمانیا ڕەتکراونەتەوە

2019.11.05 - 13:39
ئەمساڵ دوو لەسەر سێی داواکارییەکانى مافی پەنابەرێتی لە ئەڵمانیا ڕەتکراونەتەوە
ناس کورد- ئەمساڵ ژمارەى ئەو کەسانە کەمیکردووە کە داواکاری مافی پەنابەرێتییان لە ئەڵمانیا پێشکەشکردووە و پێشبینی دەکرێت ژمارەکە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمتر بێت، بەشی زۆری داواکارییەکانیش ڕەتکراونەتەوە. . بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەى بیڵد ئام سۆنتاگی ئەڵمانی کە ئاژانسی دۆچەڤێلەش بڵاویکردووەتەوە، ئەمساڵ تا کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم 110 هەزار داواکاری مافی پەنابەری لە ئەڵمانیا پێشکەشکراون. . ڕۆژنامەکە ئامارەکانی لە هان ئیکارد سۆمەر وەرگرتووە کە ناوبراو سەرۆکى ئۆفیسی کۆچبەر و پەنابەرانی فیدڕاڵیی ئەڵمانیایە. . بەپێی داتاکانى ئۆفیسەکە، تەنها 35 بۆ 38%ی داواکارییەکانی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی قبوڵکراون، واتە دوو لەسەر سێی ئەوانەى ئەمساڵ کۆچیان کردووە بۆ ئەڵمانیا مافی پەنابەرێتییان پێ نادرێت. . سۆمەر دەڵێت، "پێشبینی دەکەم تا کۆتایی ئەمساڵ ژمارەکە بگاتە 140 بۆ 145 هەزار داواکاری پەنابەرێتی، بەو شێوەش کەمتر دەبێت لە ئاماری ساڵی 2018 کە نزیکەى 160 هەزار داواکاری بوو." . لەبارەى هۆکاری ڕەتکردنەوەی داواکارییەکان، هان ئیکارد سۆمەر دەڵێت، "ئەو کەسانەى داواکاریی مافی پەنابەرێتی پێشکەش دەکەن هیچ بناغەیەکیان نییە بۆ قسەکانیان" و زۆربەی ناڕاستن. . مانگی نیسانی ڕابردوو، حکومەتی فیدڕاڵی ئەڵمانیا چەند بڕیارێکی لەبارەى کۆچبەرانەوە دەرکرد کە پڕۆسەى دیپۆرتکردنەوە خێراتر دەکات و دەسەڵاتی ناوەندەکانى کۆچ و کۆچبەرانیشی زیاد کردووە لەوەى دەتوانن مۆبایل و ئامێرە تەکنەلۆجییەکانی کۆچبەر بپشکنن بۆ دیاریکردنی ناسنامەى تەواوەی کۆچبەر. . لەدوای بڕیاری ساڵی 2015ی ئەنگێلا مێرکڵ، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بۆ کردنەوەى دەرگا و وەرگرتنی یەک ملیۆن کۆچبەر، لە چەند ساڵی ڕابردوودا ژمارەکە کەمیکردووە.