کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- شەوی ڕابردوو لە چەند ناوچەیەکی ڕۆژئاوای کوردستان، شەڕی سەخت ڕوویدا و سوپای تورکیا و میلیشیا چەکدارەکانی ئەو وڵاتە هێرشیان کرد و بە توندی لەلایەن هەسەدە و سوپای سوریاوە وەڵامدرانەوە، کە زیاتر لە 15 چەکداری تورکیا کوژرا و زیاتر لە 11ی دیکەش بریندارکران. . بەگوێرەی میدیاکانی ڕۆژئاوا، شەوی ڕابردوو سوپای تورکیا بە هاوکاری میلیشیا چەکدارە توندڕەوەکان و داعش هێرشیان کردووەتە سەر گوندی تەلوەرد لە ناحیەی زرکان، بەڵام بە توندی لەلایەن شەڕڤانانی هەسەدەوە وەڵامدراونەتەوە و نەیانتوانیوە هیچ پێشڕەوییەک بکەن. . لەلایەکی دیکەوە، لە ناحیەی عەین عیسا، کاروانێکی میلیشیا چەکدارەکانی تورکیا کەوتنە بۆسەیەکی سوپای سوریاوە و تیایدا 15 چەکدار کوژرا و زیاتر لە 11 چەکداری دیکەش برینداربوون. . هاوکات جگە لەو هێرشە ئەرزییانە، تورکیا لەڕێگەی فڕۆکە جەنگییەکانییەوە چەند ناوچەیەکی بۆردومان کرد و دواتریش لە هەندێک میدیاوە وا بڵاوکرایەوە مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی گشتى هەسەدە لەو بۆردومانانەدا بریندار بووە، بەڵام هەرزوو بەرپرسانی هەسەدە ئەو پڕوپاگەندەیەیان ڕەتکردەوە و بە جەنگی دەروونی ناویان برد. . لەو بارەیەوە، مستەفا بالى، وتەبێژی هەسەدە لە تویتەر هەواڵەکەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند: "فەرماندەکەمان لە دۆخێکی زۆر باشدایە و جەنگی دەروونی کاریگەری لەسەر گەلی ئێمە نابێت". . هاوکات هەر لەو بارەیەوە ڕێدۆر خەلیل، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی هەسەدە روونیکردەوە: "هەواڵەکە دوورە لە راستییەوە و مەزڵوم کۆبانێ بریندار نییە و بەمەبەست ئەو هەواڵە هەڵبەستراوە". .