کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- شەهرام عەزیز
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دوو پێشنیار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ پارتی لەسەر یاریدەدەرەکانی سەرۆکی حکومەت دەخاتەڕوو، سەرچاوەیەکیش لە حکومەت ئاماژە بەوەدەکات، ئەو کێشانە حزبین و پێدەچێت بەمنزیکانە چارەسەر بکرێن.
.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پارتى و یەکێتى یەکتریان تۆمەتبارکرد بە جێبەجێنەکردنى ڕێککەوتنى نێوانیان تایبەت بە پێکهێنانى حکومەت، دیارترین ناکۆکییەکانى ئەو دوو حزبە پەیوەندیان هەیە بە دانەنانى پارێزگارێکى کورد بۆ کەرکوک و پرسی دانانى چەند یاریدەدەرێک لەلایەن مەسرور بارزانییەوە.
.
فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە ناس کوردی ڕاگەیاند "نیگەرانییەکانی یەکێتی سەبارەت بە چەند شتێکن، بەتایبەت دۆخی کەرکوک کە پارتی هەر پشتگوێیخست و تا گەیشتە ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵوەشایەوە و ئەو پرسە کۆتایی هات تا کاتی هەڵبژاردن".
.
پێشنیارەکانى یەکێتى

یەکێتى دەڵێت مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەت لەڕێگەى دامەزراندنى چەند یاردەدەرێکەوە حکومەتێکى بچوککراوەى دروستکردووە، پارتیش دەڵێت ئەو پرسە لەچوارچێوەى دەسەڵاتەکانى سەرۆکى حکومەتدایە.
.
فەرید ئەسەسەرد وتی "پارتی تاکلایەنە ئەو کەسانەی داناوە و پرسی بە هیچ لایەنێک نەکردووە، کە ئەوە پێویست نەبوو بکرێت، بەتایبەت هەموو ئەو کەسانەی دانراون لەو پۆستانەدا پارتین، یاخود پێشتر لە حزبی دیکەوە چوونەتە ناو پارتی و بەو پۆستانە خەڵات دەکرێن، کە ئەوەش ترسێکی زۆر لەسەر حکومەت دروستدەکات و دەبێتە هۆی دروستبوونی ڕق لە نێوان ئەو کەسانە و نوێنەرانی حزبەکانی پێشوویان لە حکومەت".
.
دوان لەو کەسانەى کە مەسرور بارزانى وەکو یاریدەدەرى خۆى دەستنیشانى کردوون، پێکهاتوون لە ڕێباز حەملان و محەمەد حاجى، کە پێشتر لەناو بزوتنەوەى گۆڕاندا بوون و ئێستا پەیوەندییان بەو بزوتنەوەیەوە نەماوە.
.
فەرید ئەسەسەرد دوو پێشنیاری یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە ئاشکراکرد و ئاماژەی بەوەکرد، دوو چارەسەرەکە دەدرێنە پارتی، کە بریتین لەوەى یاخود ئەو یاریدەدەرانە لاببرێن و کەسانی بەتوانا و زیرەکتر لەوان دابنرێت کە نوێنەری حزبەکانی دیکەشی تێدا بێت، یاخود کەسانی دیکە بۆ لایەنەکانی دیکەش دابنرێن و نوێنەریان هەبێت وەک یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت.
.
هەوڵەکانى چارەسەر

کێشەکانى پارتى و یەکێتى لەسەر ڕێککەوتنەکەیان بۆ پێکهێنانى حکومەت لەکاتێکدایە، تەنها چوار مانگ بەسەر پێکهێنانى کابینەى نوێیدا بەسەرۆکایەتى مەسرور بارزانى تێپەڕیوە.
.
سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیران کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ناس کوردى ڕاگەیاند "ئەو کێشانە کێشەی حزبی و سیاسین، ئەوەندەی ئاگادار بم هەردوولا لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی".
.
سەرچاوەکە بێ ئاگایی خۆی نیشاندا لەوەی یاریدەدەری دیکە بۆ سەرۆکی حکومەت دادەمەرزێندرێت، یاخود نا.
.
سەرهەڵدانى کێشەکانى ئیستاى نێوان پارتى و یەکێتى لەکاتێکدایە، پێشتر هەردوو حزبەکە کێشەیان هەبوو لەسەر پرسی دەسەڵاتەکانى قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەت، بەڵام دواتر ئەو کێشەیە لەنێوان مەسرور بارزانى و قوباد تاڵەبانى چارەسەرکرا.
.
فەرید ئەسەسەرد وتى "حکومەتی هەرێم حکومەتێکی فرەلایەنەیە، بەڵام بە کرداری وانییە و تائێستا حکومەتێکی تاکلایەنەیە و هەموو بڕیارە یەکلاکەرەوەکان و سەفەرەکان و پەیوەندییەکان بەبێ بڕیاری لایەنەکانی دیکە دەدرێت".
.
لەچەند ڕۆژى ڕابردوودا هەریەکە لە حکومەتى هەرێم و پارتى بەفەرمى وەڵامى نیگەرانییەکانى یەکێتیان دایەوە لەو بارەیەوە، هەردوولایان یەکێتیان بە جێبەجێنەکردنى بەشێکى ڕێککەوتنى پێکهێنانى حکومەت تۆمەتبارکرد.

بەرپرسەکەی یەکێتی ئەوەشی خستەڕوو، کێشەیەکی دیکە زۆر گرنگە بەلایانەوە، ئەوەیە کە کادر و ئەندامەکانیان لە سنوری بادینان و ژێر دەسەڵاتی پارتی نەگیرێن و کێشەیان بۆ دروست نەکرێت، کە چەندین جاریش پارتیان لەو پرسە ئاگادار کردووەتەوە، بۆیە پێویستە چیتر پارتی کۆتایی بەو کارەی بهێنێت.
.
دەربارەی هەڵوێستی یەکێتی لە ئەگەری چارەسەرنەکردنی ئەو کێشانەدا، ئەسەسەرد ئاماژەی بەوەکرد "ئێمە لەم قۆناغەدا لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی ڕاستەوخۆ و ئاشکراوە، شتەکانمان خستەڕوو، بۆ ئەوەی خەڵکیش ئاگاداربن لە دۆخکە، تائێستا بیرمان لە قۆناغی دواتر نەکردووەتەوە ئەگەر چارەسەرنەکرێن، بەڵام بێگومان هەڵوێستی دیکەمان دەبێت".
.
هیواشى خواست، بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی عێراق و ئەو پرسەی ڕوبەڕوی هەرێم بووەتەوە کە هەموارکردنەوەی دەستوری عێراقدا، کێشەکان چارەسەر بکرێن و هەماهەنگ بن بۆ هەر کێشەیەک کە ڕوبەڕوی هەرێم ببێتەوە.