کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- شەهرام عەزیز
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم ڕێکارەکانی قەدەغەکردنی کاری شۆفێری تاکسی لە موچەخۆران دەستپێکردووە، لە ڕێگەی پڕکردنەوەی فۆڕمێکەوە تاوەکو 1/6 مۆڵەت بە موچەخۆران دەدات، ئەگەرنا تووشی سزای یاسایی دەبنەوە.
سامی جەلال، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆ تایبەت بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "لە ئێستادا دەستمانکردووە بە ئەنجامدانی ڕێکارەکان بۆ قەدەغەکردنی کاری شۆفێری تاکسی لە کارمەندانی هێزەکانی ناوخۆ و مووچەخۆران".
بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆ لە بارەی ڕێکارەکانی وەزارەتەکەیانەوە بۆ ئەو پرسە وتی: "فۆڕمێكی ئەلیکترۆنیمان ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كان كردووه، هەر فەرمانگەیەک کۆپی فۆڕمەکە وەردەگرێت و ده‌بێت سه‌رجه‌م كارمه‌ندانی هێزه‌كانی ناوخۆ و مووچه‌خۆران پڕیبكه‌نه‌وه، دواتر ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌دواداچوونی له‌سه‌ر ده‌كرێت".
"پڕکردنەوەی فۆڕمەکان و ئەو ڕێکارانەی پێویستن بۆ بڕیارەکە پێویستە تاوەکو بەرواری 1/6/2019 تەواو بکرێت، چونکە لەو ڕۆژەوە ڕاستەخۆ بڕیارەکە جێبەجێدەکرێت و هەرکەسێک کە بڕیارەکە دەیگرێتەوە لەو ڕۆژە بەدواوە ئۆتۆمبێلی تاکسی پێبێت تووشی سزا و لێپێچینەوە دەبێتەوە"، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆ وای وت.
بەپێی وتەکانی سامی جەلال، هه‌نگاوه‌كان له‌لایه‌ن مەفهرزهكانی هاتوچۆه‌وه جێبەجێدەکرێت، كه تیایدا له‌ڕێگه‌ی فۆرمهكهوه زانیاری‌یان له‌سه‌ر مووچه‌خۆران ده‌بێت و هه‌ر كه‌سێك كارمه‌ندی هێزه ئه‌منییه‌كان بێت، یاخود مووچهخۆربێت و كاری شۆفێری تاكسی بكات، لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌گه‌ڵده‌كرێت.
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە نوسراوێك، كاری شۆفیری تاكسی بۆ گشت ئەفسەر و كارمەندانی میلاكی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، بەرگری و فریاكەوتن، رەگەزنامە، هاتووچۆ، پاسەوانی سنوور و پۆلیسی گومرگ) و كارمەندانی میلاكی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و گشت هێزە چەكدارەكان لەسەر میلاكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق قەدەغەكرد.
هەر بەپێی نوسراوەكە، فەرمانبەرانی میلاكی شارستانی ئەوانەی پلەی وەزیفیان لە پلە حەوت بەرەو خوارەوەن دەتوانن كاری شۆفێری تاكسی بكەن، بەمەرجێك رەزامەندی فەرمانگەكەیان هەبێت و پێویستە ساڵانە ئەو رەزامەندییە نوێبكرێتەوە.