ناس کورد-
سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان وەڵامى ناڕەزاییەکانى یەکێتى دایەوە و ڕایگەیاند، یەکێتى کاندیدەکانى خۆى بۆ پۆستەکان دیارینەکردووە و مەسرور بارزانیش حکومەتى بچوککراوەى دروستنەکردووە.
.
هەفتەى ڕابردوو وتەبێژى مەکتەبی سیاسی یەکێتى ڕایگەیاند، حزبەکەى نیگەرانە لەجێبەجێنەکردنى ڕێککەوتنەکەى لەگەڵ پارتى بۆ پێکهێنانى حکومەت و بەشێکى ڕێککەوتنەکە جێبەجێنەکراوە.
.
ئومێد سەباح سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران ئەمڕۆ شەممە دووى تشرینى دووەمى 2019 لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند "حکومەتى هەرێم پابەندى ئەو بەرنامە و ئەجێندەیەیە کە پێشکەشى پەرلەمانى کردووە، داواى لەلایەنەکان دەکەین پاڵپشتى حکومەت بن بۆ جێبەجێکردنى ئەو بەرنامە و ئەجێندەیە".
.
وتیشى "بەداخەوە مەکتەبی هەندێک لایەن بەپێچەوانەى دروشمەکانى خۆیانەوە قسە دەکەن و فشار لەسەر حکومەت دروستدەکەن و مەرج دادەنێن".
.
لەبارەى ناڕەزاییەکانى یەکێتییەوە، ئومێد سەباح ڕایگەیاند، یەکێتى تا ئێستا کاندیدەکانى خۆى بۆ پۆستەکانى بریکارى وەزارەتەکان و بەڕێوەبەرە گشتییەکان دیارینەکردووە، تا حکومەت بۆیان دابمەزرێنێت، پێویستە ئەو حزبە کاندیدەکانى یەکلایی بکاتەوە.
.
جەختیشیکردەوە "هیچ دەقێکى یاسایی نییە ڕێگر بێت لەوەى سەرۆکى حکومەت یاریدەدەرى هەبێت، یاریدەدەرەکانیش نەبونەتە بەدیلى وەزیرەکان و نین، ئەمەش پێچەوانەى یاسا نییە، سەرۆکى حکومەت حکومەتێکى بچوککراوەى دروستنەکردووە".
.
بەوتەى ئومێد سەباح، جێگرى سەرۆکى حکومەت و وەزیرەکان ئاگادارى هەموو وردەکارییەکانن لەبارەى نەوت و غازەوە، بەپێی ڕێککەوتنى پارتى و یەکێتى دەبوو سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران ببێتە ئەندامى ئەنجومەنى نەوت و غاز، "بەڵام یەکێتى لەوە پاشگەز بووەتەوە".
.
باسى لەوەشکرد، بەشێک لەلایەنەکان زیاد لە قەبارەى خۆیان پۆستیان لە کابینەى نوێ پێدراوە، بۆ نمونە لە ڕێککەوتنى پارتى و یەکێتیدا باس لە پۆستێک بەناوى وەزیرى پەیوەندییەکانى هەرێم و بەغدا نەکراوە، بەڵام سەرۆکى حکومەت ئەو پۆستەى بەخشیوە بە خالید شوانى لەپشکى یەکێتى.