کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد-شۆڕش محەمەد
بەرپرسانی وەزارەتی كشتوكاڵ بەرزبوونەوەی نرخی تەماتە و مریشك لەبازاڕەكان بەكاتی ناودەبەن و ئاماژە بەوە دەكەن نرخەكانیان دادەبەزێت.
شاڵاو جەمال بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند "بەهۆی ئەوەی وڵاتی ئێران ماوەی مانگێكە هەناردەی تەماتەی راگرتووە، نرخی تەماتە لەناو بازاڕەكان بەرزبوەتەوە".
بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی ئاماژە بەوە دەكات هەتا پلەكانی گەرما بەرزبنەوە تەماتەی زیاتر دێتە ناو بازاڕەكان و بەو هۆیەشەوە نرخەكەی دادەبەزێت.
وتیشی "لەسەدا 70ی هەناردەی تەماتەمان لەرێگەی ئێرانەوە بوو و كە هەناردەكردنەكەی راگرت بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەكەی ".
ئەمڕۆ (شەممە) سەعدوڵا مەسعودیان سەر كۆنسووڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لەشاری سلێمانی رایگەیاند "هەوڵ دەدرێت هەناردەی مریشك و تەماتە بۆ هەرێمی كوردستان دەست پێبكاتەوە".
شاڵاو جەمال بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی بەرزبوونەوەی نرخی مریشكی بۆ دوو هۆكار گەڕاندەوە و بەبڕوای ئەو بەشێكی پەیوەندی بە ناڕێكی خستنە بازاڕی مریشكەوە هەیە و بەشەكەی تریشی پەیوەندی بەخواستی هاووڵاتیان هەیە بۆ بەكارهێنانی مریشك بەهۆی وەرزی سەیران و گەشتكردنەوە.
دڵنیایی ئەوەشیدا نرخی مریشك دادەبەزێت بەهۆی ئەوەی بەرەو گەرما دەچین و بەرهەم زیاد دەبێت.