گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى دەرماڵە و ئيمتيازاتى پلە باڵاکان جێبەجێدەکرێت

2019.10.30 - 12:39
بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى دەرماڵە و ئيمتيازاتى پلە باڵاکان جێبەجێدەکرێت
ناس کورد –   چاوەڕواندەکرێت هەفتەى داهاتوو هەڵوەشاندنەوەى دەرماڵە و ئيمتيازاتى پلە باڵاکانى عێراق و سەرۆکایەتییەکان و پەرلەمانتاران بخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، کە ڕۆژى دووشەممەى ڕابردوو پەرلەمان پەسەندیکرد. . ڕۆژی دووشەممە، 28ی تشرینی یەکەمی 2019 پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی تایبەتی دەربارەی خۆپیشاندانەکانی عێراق ئەنجامدا و چەند بڕیارێکی دەرکرد، کە دیارترینیان هەڵوەشاندنەوەى دەرماڵە و نەسریە و سەرجەم شایستە داراییەکانی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و جێگرەکانیان و وەزیرەکان و پەرلەمانتاران و دەسەڵاتی دادوەری و سەرجەم پلە باڵاکان بوو. . بەهار مەحمود، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بە ناس کوردی وت "ئەو شایستە داراییانە بە یاسا ڕێکخرابوو، بە بڕیاری پەرلەمان هەڵناوەشێتەوە، بۆیە ڕۆژی سێشەممە بڕیاری ئەوەماندا کە یاسایەکی تایبەت دەربکەین بۆ هەڵوەشانەوەی دەرماڵە و نەسریەی هەرسێ سەرۆکایەتییەکە و وەزیرەکان و پەرلەمانتارەکان". . وتیشى "لەکۆبونەوەکەدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاساکە کرا، لەڕۆژانی داهاتووشدا خوێندنەوەى دووەمی بۆ دەکرێت و دەکرێت بە یاسا و بە تەواوەتی ئەو پارەیە دەبڕدریت". . بەهار مەحمود ئاماژەى بەوەشکرد، بڕیارە تاوەکو هەفتەی داهاتوو خوێندنەوەی دووەم بۆ ئەو یاسایە بکرێت و پەسەند بکرێت، دواتر بنێردرێت بۆ حکومەت بۆ ئەوەی جێبەجێبکرێت.