کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد-
لەدوای رووداوی ژێر ئاوكەوتنی بەلەمەكەی شاری موسڵ، لەهەرێمی كوردستانیش بەكارهێنانی بەلەمی دەریاچەكان مەرجدار دەكرێت و چاودێریكردنی سەر ئەم كەرتەش توندوتۆڵتر دەكرێت.
دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان روونكردنەوەیەكی لەبارەی بەكارهێنانی بەلەمی دەریاچەكان بڵاوكردەوە و لەروونكردنەوەكەدا كە وێنەیەكی دەست (ناس كورد) كەوتووە، ئاماژە بەوە كراوە كە لە ساڵانی ڕابردوو دەستەی گشتی گەشتوگوزار رێنمایی تایبەتی بۆ خاوەن بەلەم و بەكارهێنەران و سەرنشینانی دەركردوە.
دەستەی گەشتوگوزار بەپێویستی دەزانێت خاوەن بەلەم مۆڵەتی هەبێت و بەلەمەكەی مەرجەكانی توندوتۆڵی و بەكارهێنان و سەلامەتی بۆ سەرنشینەكانی تەواو بێت.
لەروونكردنەوەكەدا دەستەی ناوبراو جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە "بۆ ئەم مەبەستە دەستە ڕێنمایی تایبەتی دەركردوە كەخاڵە سەرەكیەكانی بریتین لە شیاوی بەلەم و هەبوونی یەلەگی خۆدەربازكردن و پەتی رزگاربوون بۆ سەرنشینان، هەروەها زیاد لە ژمارەی دیاریكراو سەرنشین هەڵنەگرێت".
ئەمڕۆ (شەممە) بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری دوكان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا داوای لە سەرجەم خاوەن بەلەمەكانی دەریاچەی دوكان كرد سبەینێ (یەكشەممە) سەردانی قائیمقامیەتی قەزاكە بكەن بەمەبەستی پێدانی ڕێنمایی نوێ و پشكنینی مۆڵەتی كاركردن.
دەركردنی ئەو بڕیار و روونكردنەوانە دوای ئەو رووداوەی رۆژی (پێنجشەممە)ی رابردوو دێت كە بەلەمێكی گەشتیاری كە زیاتر لە 170 گەشتیاری هەڵگرتبوو لە یەكێك لە دوورگە گەشتیارییەكانی ڕووباری دیجلە لە شاری موسڵ ژێر ئاو كەوت.