کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد-هەڤاڵ فەتاح
بەشێك لەمیدیاكانی عێراق هەواڵی هەڵهاتنی پارێزگاری موسڵیان بۆ شاری هەولێر بڵاوكردەوە و پەرلەمانتارێكی عێراقیش ئاماژە بەوە دەكات "هیچ كات پارێزگاری موسڵ شەوی لەو شارە نەكردۆتەوە، چونكە ئەو ماڵی لەهەولێرە".
شیروان دوبردانی ئەندامی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند "ئەو هەواڵانەی باس لە هەڵهاتنی پارێزگای موسڵ دەكات بۆ هەولێر لەوێشەوە بۆ دەرەوەی وڵات دوورن لە ڕاستییەوە و هیچ بنەمایەكی نییە چونكە ناوبراو ماڵی لە شاری هەولێرە لە گەڕەكی وەزیران".
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە پارێزگاری موسڵ بەردەوام هاتووچۆی نێوان موسڵ و هەولێری كردووە و هیچ كاتێك شەوی لەموسڵ نەكردۆتەوە و تائێستا هیچ فەرمانێكی دادگا نییە بۆ دەستگیركردنی و ناوبراو ئازادە ئەگەر گەشت بكات بۆ دەرەوەی وڵات.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بەلەمێكی گەشتیاری لە یەكێك لە دوورگە گەشتیارییەكانی ڕووباری دیجلە لە شاری موسڵ ژێر ئاو كەوت و بەهۆیەوە قوربانییەكی زۆری لێكەوتەوە.
ئەمڕۆ (شەممە) عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كرد بەهۆی "كەمتەرخەمبوون لە جێبەجێكردنی ئەرك و بەرپرسیارێتییان" پارێزگاری نەینەوا نۆفل عاكوب و جێگرەكەی لەسەر كار لابەرن.
پەرلەمانتارەكەی عێراق روونیدەكاتەوە فەرمانی دەستگیركردن بۆ (رەیان حەدیدیە) خاوەن دوورگەكە دەرچووە و وتی "خاوەنی دوورگەكە دانیشتوی شاری ئەڤرۆ سیتیە لەپارێزگای دهۆك و كاتێك ئاسایش و پۆلیسی دهۆك چوون بۆ دەستگیركردنی لەوێ نەبووە و پێیان وتراوە كە سەفەری كردووە بۆ توركیا".
بڕیارە سبەینێ (یەكشەممە) پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی نائاسایی ئەنجامبدات و تیایدا دۆسیەی لەكارلادانی پارێزگاری موسڵ و جێگرەكەیی و دۆسیەی گەندەڵی شارەكە تاوتوێ بكات و بڕیاری پێویستی لەبارەیەوە بدات.
شیروان دوبردانی ئاماژە بەوە دەكات لەسەر دۆسیەی ژێر ئاوكەوتنی بەلەمەكە 16 كەس دەستگیركراوون كە كرێكار و كارمەندی دوورگە گەشتیارییەكان و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە "لە سەدا 30ی پشكەكانی ئەو پڕۆژە گەشتیارییە دەگەڕێتەوە بۆ حەیدەر ساعدی كە یەكێكە لە سەركردەكانی عەسائیبی ئەهلی حەق".