کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد-
چیرۆکی کوژرانی چالاکوانێکی عێراقی لە خۆپیشاندانەکاندا کە بەشداری لە خۆپیشاندان دژی سێ کابینەی حکومەتی عێراق کردووە، کاردانەوەی گەورەی لێکەوتووەتەوە.
.
سەفا سەرای، ئەو خۆپیشاندەرەی شەوی ڕابردوو لەنێو خۆپیشاندانەکانی عێراق کوژرا و چیتر لە نێو خۆپیشاندانەکانی عێراقدا نابینرێت، کە لە ساڵی 2011ەوە بەردەوام بەشداری خۆپیشاندانەکانی کردووە.
.
سەفا خەڵکی شاری بەغدا بوو، ئەو بەشی پڕۆگرامسازی لە بەشی زانستی کۆمپیوتەر خوێندبوو، سەرجەم قۆناغەکانی خوێندنی بەبێ کەوتن تەواو کرد، هەرچەندە لەکاتی خوێندنیدا لە بازاڕی جەمیلە لە بەغدا حەماڵی دەکرد.
.
سەفا هەفتەی ڕابردوو گەیشت بە ئاواتەکەی، کاتێک لە بوارەکەی خۆیدا لە کۆمپانیایەکی ئەهلی دامەزرا و دەستی بە کارکردن کرد، بەڵام لەسەر کارە نوێیەکەی هەفتەیەکى تەواو نەکرد و بە فیشەکى هێزە ئەمنییەکان کوژرا.
.
سەفا لە هەرسێ کابینەی حکومەتی عێراق لە سەردەمی نوری مالیکی و حەیدەر عەبادی و عادل عەبدولمەهدی بەشداریکردووە و لە سەرجەمیاندا تووشی ئازاردان و گرتن و لێدان بووەتەوە.
.
بە وتەی هاوڕێکانی، چەندین جار لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە، بەڵام ئەو بۆ ڕۆژی دواتر لە ڕۆژی پێشتر گەرموگوڕتر چووەتەوە ناو خۆپیشاندانەکان و لەو هەڕەشانە نەترساوە.
.
بەر لە کوژرانى پەیامێکى ئاراستەى هێزەکانی حەشدی شەعبی کرد و جگە لەوەى ستایشیان دەکات داوای لێکردوون کە خۆیان تێوە نەگلێنن لەو یارییەی پێیان دەکرێت و هەندێک لایەن دەیانەوێت دژی خۆپیشاندەران بەکاریان بهێنن.
.
سەفا سەرای، لەساڵی 1993 لە گەڕەکی جەمیلە لە بەغدا لەدایکبووە، ساڵی 2017 دایکی بە نەخۆشی شێرپەنجە کۆچى دوایى کرد، خۆشی شەوی ڕابردوو لە خۆپیشاندانەکانی شاری بەغدا کوژرا.
.