گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

لابردنى پاشەکەوتى مووچەش سودى نەبو بۆ جوڵەى بازاڕ

بارزگانێکى دراو: ئابورى هەرێمى کوردستان 80% خاوبوونەوەى بەخۆیەوە بینیوە

2019.10.27 - 17:10
App store icon Play store icon Play store icon
بارزگانێکى دراو: ئابورى هەرێمى کوردستان 80% خاوبوونەوەى بەخۆیەوە بینیوە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- شەهرام عەزیز بە وتەی بازرگانێکی دراو لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی شاری سلێمانی، ئابوری هەرێمی کوردستان 80٪ خاوبونەوەى بەخۆیەوە بینیوە، تەنانەت لابردنی پاشکەوتی مووچەش هیچ سودێکی نەبوە بۆ بوژاندنەوەی بازاڕ. , ئابوریناسێکیش پێیوایە، داهاتوی چەند مانگی هاوڵاتییان ڕون نییە، کە بەکوێ دەگات؟، بۆیە دەترسن لەوەی ئەو پارەیەی دەستیان دەکەوێت خەرجی بکەن، ئەو بازرگانەی دراویش دەڵێت، لە ڕابردوودا ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی و ئێستاش ڕێکنەکەوتنی هەرێم و بەغدا و دۆخی ناوچەکە هۆکاری ئەو دۆخەی ئابوری هەرێمن. , جەمال عەبدولقادر، نوێنەری ژوری بازرگانی سلێمانی لە بازاڕی دۆلارەکەی شاری سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لەئێستادا بەروارد بە ساڵانی پێش سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی، ئاڵوگۆڕی دراو 80٪ داشکانى بەخۆیەوە بینیوە و لادانی پاشەکەوتی مووچەش هیچ کاریگەرییەکی نەبو لەسەر باشبوونی دۆخی بازاڕ". , ئەو بارزگانە وتیشی: "وەستانی کاری بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، واتە وەستانی سەرجەم سێکتەرەکانی دیکە، چونکە کاتێک کە زەوی نافرۆشرێت و خانوو دروست ناکرێت، کەرەستەی بیناسازی ناکڕدرێت، جلوبەرگ و پێداویستی ناوماڵ کەم دەکڕدرێت، ئەوکات گۆڕینەوەی دراویش لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو کەم دەکات، واتە وەستانی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، بەهۆی وەستانی سێکتەرەکانی دیکەی بازاڕەوەیە". , جەمال عەبدولقادر ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی ڕابردوودا پێکنەهێنانی حکومەتی هەرێم و خراپی پەیوەندییەکانی دوو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێم، هۆکارێکی وەستانی بازاڕ بوە، هاوکات ئێستاش بەردەوامی کێشەکانی هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی بودجە و نەوت هۆکارێکی دیکەیە بۆ ئەو دۆخە. , لەبارەى هۆکارە دەرەکییەکانەوە، ئەو بازرگانەى دراو ئەوەى خستەڕو، ڕوخانی ئابوری ئێران یەکێکی دیکەیە لە هۆکارە سەرەکییەکانی خراپی دۆخی دارایی هەرێم، جگە لەوەش هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و دروستبوونی شەڕ لە ناوچەکە کاریگەریان هەبوە لەسەر لایەنى ئابورى و دارایی هەرێم. , هاوکات ئابوریناسێک پێیوایە داهاتوی خەڵک لە هەرێم ڕوون نییە، کە ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەى بەردەوام بە ترسەوە پارە خەرج دەکەن و ئاماژە بەوەشدەکات، لەئێستادا حکومەت ناتوانێت هیچ بکات، جگە لەوەی پێویستە مووچە و ژیانی هاوڵاتییان مسۆگەر بکات. , خالید حەیدەر، ئابوریناس و مامۆستای زانکۆ بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ڕاستە لە دوای لادانی پاشەکەوتی مووچە، داهاتى فەرمانبەران زیاتر بوە، بەڵام ئەوە نەبوەتە هۆی ئەوەى هاوشێوەى پێش دانانی پاشەکەوت خەڵک پێداویستی بکڕێت و پارە خەرج بکات و مامەڵە بکات لە بازاڕدا". , "چونکە لە دوای ئەو دۆخەی لە هەرێم دروست بو لە ڕابردوودا، هەروەها بەردەوام باسکردنی بڕینی مووچە لەلایەن بەغدادەوە، خەڵکی ترساندووە و ئەو پارانەی هەیانە زیاتر دەیخەنە پڕۆژەوە یاخود پاشەکەوتی دەکەن، بەپێچەوانەی ئەوەی لە ڕابردوودا، هاوڵاتییان بەردەوام خواستییان لەسەر کڕینی شتومەک هەبوە"، خالید حەیدەر وای وت. , سەبارەت بە چارەسەرکردنی ئەو دۆخە، ئەو ئابوریناسە جەختیکردەوە، حکومەتی هەرێم لە ئێستادا ناتوانێت هیچ شتێکی وا بکات، کە ئابوری هەرێم ببوژێنێتەوە، جگە لەوەی کێشەکانی لەگەڵ بەغداد چارەسەر بکات و پشکی هەرێم لە بودجەی 2020 و ساڵەکانی دواتردا مسۆگەر بێت، بۆ ئەوەی هاوڵاتییان بەردەوام مەترسییان لە داهاتوویان نەبێت. , ,