کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- شەهرام عەزیز
لە چەند ناوچەیەکى هەرێمى کوردستان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى ڤێتەرنەرییەوە دەستکراوە بە کوشتنى سەگە بەرەڵاکان و رێکخراو و ئاژەڵدۆستەکان رەخنەى توند لەو کارە دەگرن و یەکێتى زانایانى ئاینى ئیسلامیش شەرعییەتى پێدەدات و تەنانەت بەخێوکردنیان بە حەرام و دوور لە ئادابى کۆمەڵگەى کوردى ناودەبات.
.
لە ڕابردوودا سەگی بەڕەڵا لەڕێگەی گولەوە دەکوژرا، بەڵام ئێستا لەڕێگەی پێدانی حەبێکەوە دەکوژرێت و لەئێستادا ڕۆژانە ئەو کارە لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەرنەرییەوە جێبەجێدەکرێت، بەڵام ئاژەڵدۆستێک ئەوە بە کارێکی دڕندانە ناودەبات و چارەسەرێکی دیکەش دەخاتەڕوو.
.
نەبەز عوسمان، بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری هەڵەبجە بە ناس کوردی ڕاگەیاند :"ماوەی چەند مانگێکە دەستمان بە چالاکی لەناوبردنی سەگی بەڕەڵا لەڕێگەی پێدانی حەبەوە کردووە و لە سەرەتادا 50 سەگمان بەو ڕێگەیە لە ناوبرد و دواتریش بەڕێژەی دیکە تائێستا بەردەوامین و لە ئێستاشدا ڕۆژانە ئەگەر ئاگادار بکرێینەوە لە بوونی سەگ لە هەر شوێنێک ئەوا تیم دەنێرین و لەناوی دەبەین".
.
وتیشی، سەگەکان دەگرن و حەبێکیان پێدەدەن کە پێی دەوترێت "حەبی مەڵاشو"، دواتر بەڕێگەیەکی گونجاو لاشەکەیان دەکەن بەژێر خۆڵەوە و دەیانشارنەوە.
.
بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری هەڵەبجە، ئەوەی نەشاردەوە کە زۆرێک لە هاووڵاتیان ئەو کارە قبوڵ ناکەن و پێیان ناخۆشە، هەر بۆیە ئەوان زیاتر کارەکانیان بە شەوان و دور لە چاوی خەڵک ئەنجام دەدەن.
.
چالاکوانێکی بواری مافی ئاژەڵ، ڕەخنەی توند لەو کارە دەگرێت و پێیوایە لە ڕووی ئاینیشەوە مرۆڤ مافی ئەوەی نییە ڕوح لە هیچ ئاژەڵێک بسەنێتەوە، پێشنیاریش دەکات بۆ کەمکردنەوەی ئەو سەگانە، ڕێگە لە زاوزێیان بگیرێت و بەجیا لە شێڵتەرەکاندا کۆببنەوە.
.
ئاوات حوسامەدین، چالاکوانی بواری مافی ئاژەڵان و هاوکات نوێنەری ئاینی زەردەشتی لە وەزارەتی ئەوقافى هەرێم بە ناس کوردی وت: "کوشتنی سەگ و هەر ئاژەڵێکی دیکە بەهەر ڕێگەیەک بێت کارێکی زۆر دڕندانە و ناشارستانییە و نیشانەی دواکەوتوویی کۆمەڵگەی ئێمەیە کە لە سەدەی 21دا ئەو کارە بەرامبەر ئاژەڵی بێ زمان بکەین، کە هیچ زیانێکیان بۆ مرۆڤ نەبووە".
.
وتیشی، کوشتنی ئەو سەگانە چارەسەر نییە، چونکە ئەوان بەردەوام زیاد دەکەن، بەڵکو پێویستە لە زۆربەی شارەکاندا شێڵتەری تایبەت دروست بکرێت و ئەو سەگانە ببرێنە شێڵتەرەکان و نێر و مێیەکان جیابکرێنەوە لەیەکتر، بۆ ئەوەی زاوزێ نەکەن و زیاد نەکەن.
.
ئاوات حیسامەدین، ئاماژەی بەوەشکرد: "ڕاستە لە هەولێر شێڵتەر هەیە، بەڵام ئەوە تەنها بۆ پارە خواردن دروستکراوە و لەئێستادا 120 سەگیان لایە و لەوە زیاتر وەرناگرن، لەکاتێکدا پارەیەکی زۆر وەردەگرن، بەڵام هیچی بۆ خزمەتی ئاژەڵەکان خەرج ناکرێت".
.
حوسامەدین روونیدەکاتەوە کە ئەو تەنها زەوییەکى ویستووە بۆ ئەوەی شێڵتەرێک دروست بکات لەسەر ئەستۆی خۆى و لەڕێگەی ڕێکخراوەکانەوە، زەوییەکیان پێداوە، بەڵام دواتر لەلایەن شارەوانییەوە لێى وەرگیراوەتەوە و وتوویانە بۆ کاری دیکە پێویستیانە.
.
بەپێچەوانەى روانینى رێکخراوەکانى ئاژەڵدۆستى و چالاکوانانى ئەو بوارە ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم لەو بڕوایەدایە کوشتنی هەر ئاژەڵێک ئەگەر زیانی بۆ مرۆڤ هەبێت حەڵاڵە و هەروەها بەخێوکردنی سەگیش کارێکی نادروست و حەرامە.
.
لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم ئاماژەى بەوە کردووە: "هەر سەگێک ئەگەر سەلمێندرا لە ڕووی تەندروستی و ئابورییەوە زیانی بۆ مرۆڤ و ژینگە هەیە، ئەوا دروستە بەڕێگەیەکی گونجاو لەناو ببرێت، چونکە خوای گەورە هەموو شتێکی لە بەرژەوەندی مرۆڤەکان دروستکردووە".
.
ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو دیاردە ناپەسەندەی کە ئێستا پەیدا بووە لە هەندێک شوێن و شارو شارۆچکەی هەرێمدا، کە گەنجانێک سەگ رادەگرن و لە ماڵهکانیاندا و پیاسەیان لەگەڵدا دەکەن، لەروانگەی شەریعەتی ئیسلامدا حەرامە و نەریتێکی ناتەندروستە و لاسایی کردنەوە و چاولێکردنی کەسانێکن کە ناپابەندن بە ئیسلامەوە لە ئەوروپاو شوێنەکانی ترەوە.
.