کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- لە نوێترین لێدوانیدا مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕایگەیاند، گومانیان لە ڕێککەوتنەکەی سوتچیی نێوان ڕوسیا و سوریا هەیە و لەو بڕوایەدان خزمەت بە خەڵکی هەرێمەکەیان ناکات، ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ تورکیادا نییە. . مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە)، لە شاری حەسەکە ڕۆژئاوای کوردستان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەبارەی پرسی ئاگربەست و ڕێککەوتنەکەی ڕوسیا و سوریا ئەنجامدا. . لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ،کۆبانێ ڕایگەیاند: " تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکمان لەگەڵ تورکیا نییە و تەنها ئاگربەست هەیە، سەرەڕای ئاگربەستیش بەڵام تورکیا لە هێرشەکانی بەردەوامە و ئاگربەست پێشێل دەکات، بۆیە پێویستە وڵاتانی گەرەنتیکاری تایبەت بە ئاگربەست بەرپرسیارییەتی خۆیان لەبەرامبەر ئەو پێشێلکاری و هێرشانە جێبەجێ بکەن". . فەرماندەی گشتیی هەسەدە، دەربارەی ئۆپراسیۆنی هاوبەشی هەسەدە و سوپای سوریا ئاماژەی بەوەکرد، ئۆپراسیۆنی هاوبەش لە کۆبانێ و منبج ئەنجامدراوەو ئەمڕۆش لە درباسییە سوڕاونەتەوە. . مەزڵوم کۆبانێ، دەربارەی ڕێککەوتنی نێوان ڕووسیا و تورکیا لە سوتچی، ئەوەی خستەڕوو: " ئێمە سەرجەم خاڵەکانی ئەو ڕێککەوتنە قبوڵ ناکەین، هەندێک خاڵ هەن کە گومانمان لەسەری هەیە، چونکە لەدژی خەڵکی ئێمەیە". . هاوکات فەرماندەی گشتیی هەسەدە لەبارەی پارتە کوردستانییەکانی رۆژئاوا، باسی لەوەکرد: "ئێمە دەزانین تاوەکو ئێستا یەکگرتووییەک نییە، پێویستە لەم دۆخەدا هەموو هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان ببنە یەک، چ ئەنەکەسە، چ تەڤدەم و لایەنەکانی دیکە، راستە ئێستا رۆژئاوا لە دۆخێکی سەختە، بەڵام دەتوانم بڵێم لەهەموو کاتێکی دیکە ئێمە نزیکین لە چارەسەر". .