گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕوسەکان و ئەمریکییەکان داوای دیداری مەزڵوم کۆبانى دەکەن

ڕۆژئاوای کوردستان شەوێکی مێژویی بەڕێکرد

2019.10.24 - 11:11
App store icon Play store icon Play store icon
ڕۆژئاوای کوردستان شەوێکی مێژویی بەڕێکرد

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- هۆرڤان ڕەفعەت بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ڕۆژئاوای کوردستان، هەوڵە دیبلۆماسییەکانیان بۆ پاراستنی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چڕ کردووەتەوە، میدیاکانى جیهانیش ڕۆژئاوایان کردووە بە مانشێتى بڵاوکراوەکانیان. , شەوی ڕابردوو یەکێک بو لەو شەوانەی کە میدیاکانى جیهان ڕوداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیان بۆ جیهان گواستەوە، باسوخواسى ژەنەڕاڵ مەزڵوم و ئیلهام ئەحمەد، چاوی سیاستەمدارە ڕوسی و ئەمریکییەکانیان هێنایەوە سەر ڕۆژئاوای کوردستان. , دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، دوای کشانەوەی هەسەدە لە سەرێکانی و جێبەجیکردنی خواستی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی شەڕ، لەڕێگای مۆبایلەکەیەوە تویتێکی کرد و ونوسیبوی: "سوپاس بۆ جوامێری و ئازاییت ژەنەڕاڵ مەزڵوم، ڕێزم بۆ گەلی کوردستان هەیە، دەمەوێ لە کورتترین ماوەدا بتبینم". , دوای ئەو داوایەی دۆناڵد ترەمپیش، چەند سیناتۆرێکی ئەمریکا بەشێوەیەکی فەرمی ڕایانگەیاند، کار لەسەر وەرگرتنی ڤیزاى ئەمریکا بۆ ژەنەڕاڵ مەزڵوم دەکەن، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش ڕاسپێردرا بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ سەردانەکەی مەزڵوم بۆ واشنتن بکات. , شەوى ڕابردوو بەشێوەیەک کە بۆ میدیاکانى جیهان هەواڵێکى بەپەلە بو، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ڤیدیۆیی لەنێوان سێرگی شویگۆ، وەزیری بەرگری ڕوسیا و ژەنەڕاڵ فالێری گیرامیسیوف و فەرماندەی گشتی هێزە سەربازییەکانی ڕوسیا و ژمارەیەک جەنەڕاڵی ڕوسی بو لەگەڵ ژەنەڕاڵ مەزڵوم کۆبانی، کە تاووتوێی دوایین کشانەوەکانی هەسەدە و نەخشە نوێیەکەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریایان کرد. , ئاژانسی ئار تی ڕوسی ڕایگەیاندوە: "مەزڵوم کۆبانی لەو پەیوەندییەدا بە فەرمی سوپاسی ڤلادیمێر پۆتن، سەرۆکی ڕوسیای کردووە لەپای هەوڵەکانی بۆ پاراستنی هاوڵاتییانی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان و هەوڵەکان بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی تورکیا و بچوککردنەوەیەی ئەو ناوچەیەی تورکیا دەیویست داگیریانبکات".   , ئەو پەیوەندییە ڤیدیۆییەى نێوان فەرماندە سەربازییەکانى ڕوسیا و مەزڵوم کۆبانى، ماوەیەکى کورت دواى ئەوە هات کە مستەفا بالى، بەرپرسى ڕاگەیاندنى هەسەدە لە تویتەرى خۆى ئاشکرایکرد، پەیوەندییەکى تەلەفۆنى لەنێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا و مەزڵوم کۆبانى، فەرماندەى گشتیى هەسەدە بەڕێوەچووە، بەگوێرەى ئەو نوسینەى بالى، مەزڵوم کۆبانى ڕاگەیاندووە: “کەمێک لەمەوبەر لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ قسەم کرد، سوپاسم کردووە بۆ وەستاندنی ھێرشەکانی تورکیا و گروپە جیھادییەکانی سەربەو وڵاتە بۆسەر خەڵکەکەمان". , لەلایەکی دیکەشەوە، هەر شەوی ڕابردوو، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە)، لەسەر داوای بەرپرسانی باڵای ئەمریکا سەردانی واشنتنی کرد و لەگەڵ لیژنه‌ی ئاسایشی نیشتیمانی كۆنگرێسی ئه‌مریكا کۆبوەوە، بە ئامادەبوونى ئەندامانى کۆنگرێس، وتارێکی پێشکەشکرد و پێشێلکاری و تاوانە جەنگییەکانی تورکیای لە ڕۆژئاوای کوردستان پیشاندا. , ئیلهام ئەحمەد لە کۆنگرێسى ئەمریکا ڕایگەیاند: “ئەمریکییەکان پەیمانیان پێداین کە ئەمێننەوە تا سوریا بە چارەسەرێکی سیاسیی دەگات، ئێمە متمانەمان بە ھێزەکانی ئەمریکا کرد، بەداخەوە دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ترەمپ و ئەردۆگان، ئاسمانی سوریا کرایەوە، ئێمە شۆک بووین و خۆمان لە جەنگێکدا بینییەوە بەرامبەر تورکیا”. , سەرۆکى دەستەى جێبەجێکارى ئەنجومەنى سوریای دیموکرات ئەوەشى وت: “تورکیا ھاتە نێو ماڵەکانمان بۆ شەڕکردن دژ بە ئێمە، بەبێ ھیچ ھۆکارێکیش”. , لەبارەى ئاکامەکانى هێرشەکانى تورکیا، ئیلھام ئەحمەد وتیشی: “دوای ئەم ھێرشە، 300 هەزار کەس ئاوارە بوون و 250 کەسیش گیانیانلەدەستدا، شاری سەرێکانی تاڵانکراوە، کوشتنی ئاشکرا بەڕێوەدەچێت سیاسەتمەدارێکیشمان کوژرا”. , لە کۆنگرێس و لە پێش ئەندامانى، ئیلھام ئەحمەد وتی: “زۆرێک لە تیرۆریستانی داعش لەژێر ناوی سوپای ئازاد شەڕ دەکەن، ھەمان دروشمی داعش ئەڵێنەوە، پێیان وتوین کە سەرمان ئەبڕن، تورکیا پێیان دەڵێت ‘ئۆپۆزسیۆن’، بەڵام ھەمان عەقڵییەتی داعشیان ھەیە”. , هەروەها ئیلهام ئەحمەد وێنەی محەمەد حەمیدی تەمەن 13 ساڵی لە کۆنگرێس بەرز کردەوە کە لە سەرێکانی بەهۆی بۆردوومانی سوپای تورکیاوە بریندار بو، گومانیش دەکرێت بەهۆی بەکارهێنانی چەکی فۆسفۆری قەدەغەکراوەوە بریندار بوبێت، لەگەڵ ئەوەشدا وێنەی ئەو "چەکدارە داعشانەی هاوپەیمانی ئەردۆگان"ی پیشان ئەندامانی کۆنگرێس دا کە هێرشیان کردووەتە سەر هاوڵاتییانی سڤیلی ڕۆژئاوای کوردستان و سەدان کەسیان کوشتوە. , ئەم پێشهاتانەی ڕۆژئاوای کوردستانیش جیاوازن لە ڕوداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ناوچەکە، لە ئێستادا بەرپرسانی ڕۆژئاوای کوردستان هەوڵ دەدەن لەرێگای گفتوگۆ دانوستان و دیبلۆماسییەتەوە ئەو شەڕەی بە چەکەکانیان ناکرێت بە گفتوگۆ بیکەن، وەک چاودێرانى سیاسی شرۆڤەیان بۆ کردووە. , ,