گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بڕیارە سبەى خۆپیشاندانى جەماوەری بەڕێوەبچێت و عەبدولمەهدیش ئەمڕۆ وتارێکى دەبێت

2019.10.24 - 09:16
بڕیارە سبەى خۆپیشاندانى جەماوەری بەڕێوەبچێت و عەبدولمەهدیش ئەمڕۆ وتارێکى دەبێت
ناس کورد- بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانى عێراق، وتارێک پێشکەش بە گەلى عێراق بکات، ئەوەش لەکاتێکدایە بڕیارە سبەى خۆپیشاندانەکانى وڵاتەکە دەستپێبکەنەوە. , لە ڕاگەیەندراوێکدا عادل عەبدولمەهدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق ڕایگەیاند: "وتارێک بۆ گەلی عێراق دەدەم، کۆمەڵێک بابەتی پەیوەست بە بارودۆخی ئێستای وڵات دەخەمەڕو، جەختدەکەمەوە لەسەر ئەو زنجیرە هەنگاو و ڕێکارە بەپەلانەی چاکسازی کە گرتومانتە بەر". , عەبدولمەهدى لەبارەى بابەتانەکانى چاکسازى لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئەوەشى ئاشکرا کردووە: "لە هەفتەی داهاتوو لەمیانەی کۆبوونەوەی پەرلەمان دەستدەکەین بە گۆڕانکارییە وزارییەکان، دوور لە تێگەیشتنی بەش بەشێنە، بە جەختکردنەوە لە ئاستی توانا و سەربەخۆیی وەزیرەکان و ئامادەبوونێکی زیاتری گەنجان". , یەکێکى دیکە لە خاڵەکانى چاکسازى کە عەبدولمەهدى ڕایگەیاندووە بریتییە لەوەى: "حکومەت جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری (دادگای ناوەندی بۆ بەڕەنگاری گەندەڵی)دروست بکات بۆ لێپێچینەوە لە گەندەڵکاران، کردنەوەی پرسەکانی گەندەڵی بەڕونی و لەبەردەم ڕای گشتی، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە دزینی پارەى پڕۆژەکانی نەخۆشخانە و قوتابخانە و ڕێگاوبانەکان و پرد وبەنداوەکان و ئەو پڕۆژانەی دیکە کە ڕێگەخۆشکەربوون بۆ ڕەخساندنی هەلیکار بەتایبەت بۆ چینی هەژاران". , سەرۆکوەزیرانى عێراق جەختى لەوەشکردووەتەوە لە وتارەکەیدا کە بڕیارە ئەمڕۆ پێشکەشى بکات، ئەوەیە کە لە داهاتویەکى نزیکدا کاردەکەن بۆ دەرکردنى یاسای "ئەمەت لەکوێ بوو؟"، کە ئەویش گەورە بەرپرسان دەگرێتەوە، هەروەها جەختکردنەوە لە بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچە و کەمکردنەوەی مامەڵەکردن بەپارەی کاغەزی. , لە بڕگەیەکى دیکەدا عەبدولمەهدى ئاشکرایکردووە، کەمکردنەوەی مووچەی بەرپرسان تا پلەی چوارەم لە سەرۆکایەتییەکان و وەزیر و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و پلە تایبەتەکان بۆ نیوەی مووچەیان، بە جۆرێک بەرزترین مووچە 10 ملیۆن دینار بێت، هەنگاوێکى دیکەى چاکسازیی حکومەتەکەى دەبێت. , بڕیارە لە وتارەکەى ئەمڕۆیدا بە دوورودرێژى باس لەو خاڵانە و چەندین خاڵى تر بکات کە پەیوەستن بە ژیان و مافى هاوڵاتییانى عێراق، ئەوەش وا دەبیندرێت کە لەو ڕێگەیەوە عادل عەبدولمەهدى بیەوێت تاڕادەیەک توڕەیی شەقامى عێراقى کەمبکاتەوە بۆ ئەوەى خۆپیشاندانەکانى سبەى هەینى کە بڕیارە بەڕێوەبچن، سەر بۆ گۆڕینى حکومەت نەکێشن. , ,