گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

لە ئەمساڵدا 68 ئافرەتی هەرێم ڕوبەڕووی دەستدرێژی سێکسی بوونەتەوە

2019.10.23 - 17:32
App store icon Play store icon Play store icon
لە ئەمساڵدا 68 ئافرەتی هەرێم ڕوبەڕووی دەستدرێژی سێکسی بوونەتەوە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- کاتێک ئاسۆ داوا لە نیان (ناوی هەردووکیان خوازراوە) دەکات بچن بۆ پیاسەکردن، ئاسۆ بە نیان دەڵێت پێویستە پێکەوە بچنە ئەو خانووەی کە تازە کڕیویەتی، نیان سەرەتا ڕەتیدەکاتەوە بەڵام ئاسۆ پێداگری دەکات. . دوای کەمێک پێکەوەبوون ئاسۆ هەوڵدەدات دەستدرێژی بکاتەسەری، نیان زۆر هەوڵدەدات لە دەستی ڕا بکات، بەڵام ناتوانێت و ئەو ڕۆژە کچێنی خۆی لەدەستدات. . بەپێی ئەو ئامارەى کە ناس کورد لە بەرێوبەرایەتی توندوتیژی ئافرەتان دەستیکەوتووە، لە هەشت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان، 68 ئافرەت ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی بوونەتەوە. . هەر بەپێی ئامارەکان، زۆرترین حاڵەت لە سلێمانی تۆمارکراوە کە 23 حاڵەت بوون، لە هەولێر 19 حاڵەت و لە دهۆکیش 14 حاڵەت تۆمارکراون، هاوکات لە گەرمیان حەوت حاڵەت و لە ڕاپەڕینیش پێنج حاڵەت تۆمارکراون. . . نیان یەکێکە لەو قوربانییانە، ئەو چیرۆکی خۆی بۆ ناس کورد گێرایەوە و وتی: "من ماوەی دووساڵ بوو لە پەیوەندی خۆشەویستیدا بووم لەگەڵ کوڕێک کە زۆرم خۆشدەویست، لە یەکێک لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان خوێندکار بووم." . نیانی تەمەن 23 ساڵ ڕۆژێک لەگەڵ "خۆشەویستەکەی" بۆ پیاسەکردن دەچێتە دەرەوە، ئاسۆ داوا لە نیان دەکات پێکەوە بچنە ئەو خانووەى کە تازە کڕیویەتی، ئەویش لێی دەپرسێت "بۆچی بچین بۆ ئەو ماڵە؟" . ئاسۆ پێی دەڵێت ئەو ماڵە دەبێتە "هی من و تۆ بۆیە دەمەوێت لەگەڵم بێیت بۆئەوەى خانووەکە ببینیت." . نیان بەردەوام بوو لە گێڕانەوەى چیرۆکەکە بۆ ناس کورد و وتی: "کاتێک ڕۆشتین زۆر دڵم خۆش بوو، بەڵام کاتێک چوینە ماڵەکە خۆشەویستەکەم هەوڵیدا دەستدرێژیم بکاتەسەر، زۆرم هەوڵدا لە دەستی ڕابکەم بەڵام نەمتوانی، ئەو ڕۆژە کچێنی خۆم لەدەستدا." . دوای ئەو ڕووداوە، نیان داوا لە "خۆشەویستەکەی" دەکات مارەى بکات، بەڵام توشی شۆک دەبێت کاتێک ئاسۆ پێی دەڵێت، "جارێک زۆر زووە، من ناتوانم هاوسەرگیری لەگەڵ تۆ بکەم و ئامادە نیم." . نیان بەردەوام بوو لە چیرۆکەکەى و وتی، "لەو ڕۆژەوە هەستم دەکرد (ئاسۆ) لێم دوور دەکەوێتەوە، ساڵێک بەسەر ئەو ڕووداوەدا تێپەری و (ئاسۆ) بە تەواوەتی دوورکەوتەوە لێم، منیش چوومە ڕێکخراوێک و لەوێ  باسی کێشەکەی خۆمم بۆ کردن، ئەوان زۆر یارمەتی منیان دا." . ئەڤین کە پارێزەری ئەو ڕێکخراوەیە و نەیویست ناوی ڕێکخراوەکە بڵاوبکرێتەوە بۆ ئەوەى کەیسی (نیان) پارێزراو بێت بە ناس کورد وت: "ئەو کچە لەگەڵ هاوڕێیەکی خۆی هاتە  ڕێکخراوەکەمان و باسی ڕووداوەکەی بۆ کردم، داوای یارمەتی کرد، خۆشبەختانە هەموو ناونیشانێکی کوڕەکەی لابوو، من پەیوەندیم بە کوڕەکەوە کرد و دواتر کوڕەکە هات بۆ رێکخراوەکەمان." . ئەڤین دەشڵێت، داوای لە کوڕەکە کردووە هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو کچە بکات بەڵام ئاسۆ وتوویەتی "من ئەو کچەم ناوێت"، "دواتر پێموت ئەگەر ئەو کچە نەخوازیت لە توندوتیژی سکاڵا تۆمار دەکات و داوای مافی یاسایی خۆی دەکات." . "دوای دوو دانیشتن لەگەڵ کوڕەکە، ئەڤین دەتوانێت قەناعەت بە کوڕەکە بکات و دواتر دەچێتە داوای کچەکە و مارەى دەکات. . لەلایەکی ترەوە، ئاڤان جاف کە چالاکی بواری ئافرەتان و سەرنوسەری گۆڤاری ژنە بە ناس کوردی وت، "زۆرێک لەو ئافرەتانە کە ڕووبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە لە هەرێمی کوردستان یان لە لایەن برا و باوکیان دەکوژرێن یاخود لە ڕێگەی سوڵحی عەشایەری بابەتەکە چارەسەر دەکرێت و  کچەکە لە کوڕەکە مارە دەکەن." . ئاڤان وتیشی، "ئەوان نازانن کە چ کارەساتێک ڕوودەدات کاتێک ئەو ئافرەتە ناچار دەبێت لەگەڵ پیاوێک بژی کە دەستدرێژی کردووەتەسەری و سوکایەتی پێکردووە." . وتیشی، "بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدا نیم کە کێشەى ئەو ئافرەتانە بە سوڵحی عەشایەری چارەسەربکرێت و دەبێت ڕێگای یاسا تاوانباران سزای خۆیان وەربگرن."