گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

شارەکە داگیر کراوە و خەڵک ناتوانێت بە ئازادانە دەنگی خۆی بدات

پارتی مەرجی هەیە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک

2019.03.23 - 12:10
App store icon Play store icon Play store icon
پارتی مەرجی هەیە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- شەهرام عەزیز

کۆمسیۆنی باڵای  سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕۆژی ١٦ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی دیاریکردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئەوەی مشتومڕی زۆری لەسەر دەکرێت ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکەیە لە پارێزگای کەرکوک، باس لەوە دەکرێت لایەنە کوردییەکان بە یەک لیست لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم بەشداری دەکەن، پارتیش دەڵێت، "کەرکوک داگیرکراوە و کورد ناتوانێت ئازادانە دەنگ بدات".

 

یەکێتی لە میدیاکانەوە سوربوونی خۆیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە پارێزگای کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم دووپاتدەکەنەوە، بەڵام پارتی دەڵێت، تا دۆخی کەرکوک ئاسایی نەکرێتەوە "ئەنجامدانی هەڵبژاردن سودی نییە و بەشداری تێدا ناکەین".

 

لە بارەی بەشداری پارتی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکەوە، عەدنان کەرکوکی وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکوک تایبەت بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "ئێمە وەک پارتی لە ڕابردووشدا ئەوەمان وتوە کە کەرکوک شارێکی داگیرکراوە و حوکمی سەربازی تێدا دەکرێت، بۆیە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە شارێکی داگیرکراودا هیچ سودێکی نابێت و هیچ ناگۆڕێت".

 

وتەبێژەکەی پارتی لە کەرکوک ئاماژەی بەوەشکرد: "کاتێک بۆ ئاهەنگێکی نەورۆز یان هەر بۆنەیەکی دیکە پێویستت بە مۆڵەت وەرگرتن بێت و دوو کاتژمێر مۆڵەتت پێبدەن، ئیتر چۆن دەتوانی بانگەشەی هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام بدەیت و بە ئازادی ڕاوبۆچوونی خۆت دەربڕیت".

 

"لە بارودۆخێکی وەهادا خەڵکیش ناتوانێت بە ئازادی ڕای خۆی دەرببڕێت و دەنگی خۆی بدات، بۆیە ئەگەر هەڵبژاردنیش بکرێت ئەنجامەکانی پێشوەختە دیاریکراوە و باوەڕپێکراو نابێت"، عەدنان کەرکوکی وای وت.

 

بەرپرسەکەی پارتی ئەوەشی ئاشكراکرد، مەرجی ئەوان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن لە کەرکوک ئاسایی کردنەوەی دۆخی شارەکە و چوونە دەرەوەی ئەو هێزەیە کە ئێستا لە شارەکەدان.

 

لە دوای ڕوداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و هاتنی هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ کەرکوک، پارتی دیموکراتی کوردستان سەرجەم بارەگاکانی چۆڵ کرد و  شارەکەی جێهێشت و تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش بایکۆتی پارێزگای کەرکوکی کرد.

 

پاریزگای کەرکوک لە ساڵی 2005وە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی تێدا ئەنجامنەدراوە، بۆیە پێدەچیت لە هەڵبهژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا هەڵبژاردن لەو پارێزگایەدا بکرێت.

 

کۆمسیۆنی باڵای  سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕۆژی ١٦ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی دیاریکردووە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، داواشیان کردووە پەلە بکرێت لە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بۆ ئەوەی لەو بەروارەدا بتوانن هەڵبژاردنەکە ئەنجامبدەن.