گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کوردێک لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێڤ ئاگرى لەجەستەى بەردا

2019.10.23 - 14:58
کوردێک لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێڤ ئاگرى لەجەستەى بەردا
ناس کورد –   پیاوێکی تەمەن 30 ساڵ  لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێڤ ئاگرى لەجەستەى بەردا و گومان دەکرێت بۆ ناڕەزایی دەربڕین بووبێت بەرانبەر هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاواى کوردستان. . بەپێی ئاژانسى ڕۆیتەرز، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ی تشرینی یەکەمی 2019، پیاوێکی کوردی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان کە پەنابەرە و لە ئەڵمانیا دەژی چووەتە بەردەم بارەگای ڕێکخراوی UNHCRی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری جنێڤی پایتەختی سویسرا و دەبەیەک بەنزینى کردووە بە جەستەیدا و ئاگرى لەخۆى بەرداوە. . سیلیباین جینتڵ وتەبێژی پۆلیسی جنێڤ ڕایگەیاند "ئەو پیاوە کوردە خۆی لە ئەڵمانیا ماوەتەوە بەڵام هاتووەتە سویسرا بۆ ئەوەی لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان خۆپیشاندان بکات، دوای ئەوەی کە هاتووەتە ئەوێ ئاگری لە خۆی بەرداوە و تیمەکانی تەندروستیش زوو فریای کەوتوون و لەڕێگای فڕۆکەیەکی تایبەتیشەوە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی لۆزان لە جنێڤ بۆ وەرگرتنى چارەسەری پێویست". . وتیشى "بەتەواوەتی ئێمە نازانین هۆکاری خۆسوتاندنی ئەو پیاوە کوردە چییە، بەڵام وا پێشبینی دەکەین کە پەیوەندی بە ڕوداوەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە هەبێت". https://twitter.com/sibradley1/status/1186900624610353153?s=07&fbclid=IwAR0ekgP6b5oNF2Wcr2FGWwqr8XRbpy2htojUvzyGRj5di0mSgeoH5PdOaVk هاوکات ئاندی ماهیتج وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی پەنابەران باسى لەوەکردووە، "هەست بە خەمباری و شۆکێکی زۆر گەورە دەکەین لەبەرامبەر ئەو ڕوداوە، بەتایبەت لەبەردەم گەورەترین و سەرەکیترین بارەگای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕویداوە". . بەوتەى ئاندی ماهیتج، ئەو پیاوە ویستویەتی بچێتە ناو بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، بەڵام لەلایەن هێزەکانی پۆلیس و پاسەوانی باڵەخانەکەوە ڕێی لێگیراوە. . یەکێک لە شایەتحاڵەکان وتویەتی "ئەو پیاوەم بینیوە ئەو کاتەی گڕی لەخۆی بەرداوە وەکو پارچە تەختەیەک گڕی گرتوە و بەشێکی زۆر لاشەی سوتاوە و هیوادارم لەژیان بمێنێت". . بڕیاریشە هەر ئەمڕۆ پۆلیسی جنێڤ زانیاری زیاتر لەو بارەیەوە بڵاوبکاتەوە.