گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وڵات بە دۆخی شۆڕشدا تێپەڕدەبێت

سەدر هێز و گروپەكانى ڕەوتەکەى دەخاتە ئامادەباشییەوە

2019.10.22 - 20:04
App store icon Play store icon Play store icon
سەدر هێز و گروپەكانى ڕەوتەکەى دەخاتە ئامادەباشییەوە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد – موقتەدا سەدر نامەیەکی بەپەلە بۆ سەرجەم گروپ و هێزەکانی ڕەوتەکەى دەنێرێت بۆ ئەوەی بکەونە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ خۆپیشاندانە چاوەڕوانکراوەکەى ڕۆژى پێنجشەممە. . ئەمڕۆش سێشەممە، 22ی تشرینی یەکەمی 2019، ساڵح محەممەد عێراقی بەرپرسی باڵای نزیک لە موقتەدا سەدر ڕایگەیاند "سەدر داوای لە سەرجەم گروپ و لایەنەکانی سەر بە ڕەوتەکەی کردوە کە بکەونە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و خۆیان ئامادە بکەن بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو کە ڕوبدات لە خۆپیشاندانەکانی داهاتوودا". . سەدر ڕایگەیاندووە "داوا لەو لایەنانە دەکەم کە لەشەوى پێنجشەممەوە بکەونە حاڵەتى ئامادەباشییەوە، بۆ ئەو دۆخەی کە لە وڵاتەکەمان ڕودەدات لەکاتێکدا وڵاتەکەمان بە دۆخی شۆڕش و دۆخێکی مەترسیدار تێپەڕدەبێت، ئەرکێکی ئەخلاقی و ئاینیە لەسەرتان کە وەفاتان هەبێت بۆ پێغەمبەری خودا (د.خ) و بنەماڵە پاکەکەی کە هەر فەرمانێکتان پێبکرێت بەبێ دواکەوتن جێبەجێی بکەن". . بەپێی نوسراوەکەی ساڵح عێراقی کە دەست ناس کورد کەوتوە، ئەو لایەن و گروپانەی کە سەدر داوای لێکردون بکەونە حاڵەتی ئامادەباشییەوە پێکهاتوون لە، دەستەی کارگێڕی و کارمەندان بە تایبەت ئەو کەسانەی لە مەکتەبی تایبەتی سەدر کار دەکەن، دەستەی سیاسی و فراکسیۆنی سائرون لە پەرلەمانی عێراق، هێزەکانی سەرایا سەلام، جەماوەری هۆشیار و لایەنگرانی سەدر، سەرجەم هێزە ئاسایشییە تایبەتییەکان، لیژنە خزمەتگوزارییەکان. . پەیامەکەی سەدر بە ناڕونی ماوەتەوە و دیارینەکردووە کە ئەو هێزانە پاڵپشتی لە خۆپیشاندانەکان بکەن یاخود دژیان بوەستنەوە. . چاوەڕواندەکرێت ڕۆژی هەینی 25ی تشرینی یەکەمی 2019، خۆپیشاندان لە بەغدا و شارەکانی عێراق جارێکی دیکە دەستپێبکاتەوە. . ڕۆژی 1ی ئەم مانگەوە خۆپیشاندانێکی فراوان لە بەغدا و هەشت پارێزگای دیکەی عێراق دەستیپێکرد و چەند ڕۆژێک بەردەوام بوون، کە بەهۆیانەوە زیاتر لە 110 خۆپیشاندەر کوژران و شەش هەزاری دیکەش برینداربوون.