ناس کورد-
گۆڤاری فرانس فۆتبۆڵی فەڕەنسی ناوی ئەو 30 یاریزانەی ئاشکراکرد کە پاڵێوراون بۆ بردنەوەی خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی بۆ باشترین یاریزانی جیهان، ئەوەشی جێگای سەرسوڕمانە، ناوی هەریەک لە نەیمار و لۆکا مۆدریچ لە لیستەکەدا نییە.
.
هاوشێوەی خەڵاتی زە بێست و باشترین یاریزانی ئەوروپا، چاوەڕوان دەکرێت هەرسێ یاریزان و مێسی و ڕۆناڵدۆ و ڤاندایک، ڕکابەری لەسەر خەڵاتەکە بکەن، بەگوێرەی میدیا جیهانییەکانیش، زۆرێک لە کۆمپانیاکانی قومار، ڤاندایک وەک بەهێزترین پاڵێوراو بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە دەبینن، دوای ئەویش لیۆنێل مێسی.
.
ئەوەی جێگەی سەرنجە و بووەتە باس و خواسی میدیاکان، لە لیستەکەدا و لە کۆی 30 یاریزان، ناوی لە نەیماری ئەستێرەی بەڕازیلی و یانەی پاریس سانجێرمانی تێدا نییە، کە لە ڕابردوودا بە نزیکترین ڕکابەری مێسی و رۆناڵدۆ ناودەبرا بۆ بردنەوەی خەڵاتە تاکە کەسییەکان.
.
جگە لە نەیمار، لە لیستەکە ناوی لۆکا مۆدریچی، ئەستێرەی کرواتی و یانەی ریاڵ مەدرید نابینرێت، کە ساڵی ڕابردوو براوەی خەڵاتەکە بوو، ئەوەش بۆ یەکەمجارە لە مێژوودا، هەڵگری خەڵاتەکە لە ساڵی دواتردا ناوی لە لیستی 30 پاڵێوراوەکەدا نەبێت.
.
هەر لەبارەی ژمارەکانی تایبەت بە باڵۆندۆری ئەمساڵەوە، ڕۆناڵدۆ ژمارەیەکی نوێی تۆمارکرد و ماوەی 16 ساڵە لەسەریەک بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە دەپاڵێورێت، کە ئەوەش بۆ یەکەمجارە لە مێژوودا ڕوودەدات.
.
ڕۆژی 2ی کانونی یەکەمی 2019، لە شاری پاریسی پایتەختی فەڕەنسا لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا ناوی براوەی خەڵاتەکە ئاشکرا دەکرێت.