گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەمریکا؛ ژمارەیەک لە سیناتۆرى ئەمریکى لەگەڵ هاوسەرۆکى ئەنجومەنى سوریاى دیموکرات کۆبوونەوە

2019.10.22 - 08:39
App store icon Play store icon Play store icon
ئەمریکا؛ ژمارەیەک لە سیناتۆرى ئەمریکى لەگەڵ هاوسەرۆکى ئەنجومەنى سوریاى دیموکرات کۆبوونەوە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکى ئەنجومەنى سوریاى دیموکرات لەوڵاتى ئەمریکا لەگەڵ ژمارەیەک لە سیناتۆرى ئەمریکى لە هەردوو پارتى کۆمارى و دیموکرات کۆبوەوە. . بەگوێرەى میدیاکانى ئەمریکا، ژمارەیەک سیناتۆری ئەمەریکی لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات بەڵێنیان بە هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتدا هەوڵی تەواوی خۆیان بدەن بۆ ڕێگەگرتن لە لەشکرکێشیـیەکەی تورکیا بۆ سەر باکوری سوریا و کاربکەن بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە. . دوێنێ (دووشەممە) لە کۆنگرێسی ئەمەریکا لەلایەن هەریەک لە سیناتۆر لیندزی گراهام (کۆماری)، سیناتۆر کرێس ڤان هاڵن(دیموکرات)، سیناتۆر مارشا بلاکبێرن (کۆماری)، سیناتۆر جین شەهین (دیموکرات)، سیناتۆر ڕیچارد بلومنتاڵ (دیموکرات)، پێشوازیکرا لە ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکى ئەنجومەنى سوریاى دیموکرات. . لەمیانەى ئەنجامدانى کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا لەپاش کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد، سیناتۆرەکان پشتیوانی خۆیان بۆ کورد دووپاتکردەوە و لەشکرکێشیـیەکەی تورکیایان شەرمەزار کرد. . لەکۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، لیندزى گراهام سیناتۆى کۆمارییەکان، رایگەیاند "پـێویستە هێزێکی بچوکی ئەمەریکا لە سوریا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتدا کار بکات و ئاسمانی ناوچەکانی باکوری سوریا بپارێزرێت و ناوچەیەکی لە چەک داماڵێنراو لەنێوان تورکیا و هێزەکانی سوریای دیموکرات دابمەزرێت و لەلایەن هێزێکی نێودەوڵەتی چاودێری بکرێت. . گراهام نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە دەستگیرکراوەکانی داعش کە بە زیاتر لە 10 هەتا 12هەزار کەس مەزەندەی کردن و ئاماژەى بەوە کرد، رۆژ لە دوای ڕۆژ نیگەرانیـیەکانمان لەو بارەیەوە زیاتر دەبن. . وتیشی "تورکیا لەم دۆخە بەرپـرسیارە و لەشکرکێشیـیەکەی ڕێگە خۆشدەکات بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش". . سیناتۆرەکەى ئەمریکا گۆمانى خۆى خستەڕوو لەوەى کە تورکیا بتوانێت کۆنترۆڵی بەسەر دەستگیرکراوەکانی داعشدا هەبێت و روونیکردەوە کە ئەوان لەو بارەیەوە متمانەیان بە هێزەکانی سوریای دیموکرات هەیە کە پـێشتر بە کارەکانیان ئەوەیان سەلماندووە. . سەبارەت بە کێڵگە نەوتیـیەکانی سوریاش، لیندزى گراهام جەختى کردەوە "دەبێت ئەو کێڵگە نەوتیـیانە بپارێزرێن و ڕێگە نەدرێت ئێران کۆنترۆڵیان بکات". . لە بەشێکى ترى کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا ئیلهام ئەحمەد، لەگەڵ ئەوەى سوپاسی ئەندامانی کۆنگرێس و خەڵکی ئەمەریکای کرد بۆ ئەو داکۆکیـیەی لێـیان دەکەن، ڕەخنەشی لە بڕیارەکەی سەرۆکى ئەمریکا گرت بۆ کشانەوەی هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا. . ئیلهام ئەحمەد وتى "ئەو بڕیارە زۆر زیانی پێگەیاندین و ئێستا تورکیا هێرشدەکاتە سەر ناوچەکانمان و بە نیازە درێژە بە هێرشەکانی بدات و هەڕەشەی پاکتاوی نەژادیـمان لێدەکات". . هاوسەرۆکى ئەنجومەنى سوریاى دیموکرات روونیکردەوە، تورکیا دەیەوێت تەواوی ناوچە سنووریـیەکان داگیر بکات و ئەمەش لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە جێی قبوڵ نیـیە، بۆیە داوای کۆتاییهێنان بە داگیرکاری تورکیا دەکەن و داوای سەپاندنی ناوچەی قەدەغەفڕین دەکەن لە باکوری سوریا و هێزێکی نێودەوڵەتی لەسەر سنوور دابنرێت تاوەکو لە هێرشی تورکیا بیانپارێزێت. داواشیکرد کورد لە پاکتاوی نەژادی ڕزگار بکەن.   .