کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- لەشکرکێشی و هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان جگە لەوەی بووەتە هۆی شەهیدبوونی چەندین هاوڵاتی مەدەنی و منداڵ، 86 هەزار منداڵیشى لە خوێندن بێبەشکردووە. . کەوسەر دۆکۆ، بەڕێوەبەری پەروەردەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە ئاژانسى هاوار نیوزى ڕاگەیاندووە "بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە لە 9ی تشرینی یەکەمی 2019ەوە تائێستا 810 قوتابخانە لە سنوری گرێ سپی و سەرێکانی و دەرباسیە و تەلتەمەر داخراون و خوێندن تیایاندا وەستاوە". . ئاماژەی بەوەشکردووە، تائێستا زیاتر لە پێنج هەزار مامۆستا لە قوتابخانەکان دابڕاون و زیاتر لە 86 هەزار منداڵیش لە خوێندن بێبەشبوون، هەروەها زیاتر لە 20 قوتابخانە بەهۆی تۆپبارانەکانەوە وێرانبوون. . کەوسەر دۆکۆ ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەهۆی ئەو هێرشانەی تورکیاوە تائێستا 22 منداڵ شەهیدبوون و بە دەیان منداڵی دیکەش برینداربوون، کە بەشێکیان برینەکانیان سەختە. . ئاماژەی بەوەکردووە "منداڵان ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ خوێندن، بەهۆی ئەوەی بەردەوام ترسی هێرشی سوپای تورکیا و میلیشیا چەکدارەکان بۆ سەر ئەو ناوچانە هەیە و مەترسی لەسەر ژیانی منداڵان هەیە".