کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، تەنها ئەو داعشانە لەناو خاکی عێراق دادگایی دەکەن کە هەڵگڕی ڕەگەزنامەی عێراقین و بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین دادگایکردنی داعشە بیانییەکان لە دادگاکانی عێراق، بگرنە ئەستۆ. . ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوی عێراق، بە ناس کوردی وت "هەڵۆیستی حکومەتی عێراق دەربارەی دادگایکردنی ئەندامە بیانییەکانی ڕێکخراوی داعش لە دادگاکانی عێراق زۆر ڕوونە و بە وڵاتانی جیهانمان ڕاگەیاندووە". . وتیشی:"عێراق بەرپرسیار نییە لە دادگایکردنی داعشە بیانییەکان و ئەو بەرپرسیارییەتیە دەبێت ئەو وڵاتانە بیگرنە ئەستۆ کە چەکدارە داعشەکانی لێوە هاتووە". . سەحاف روونیکردەوە، داعشە عێراقییەکان و خێزانەکانیان بەگوێرەى یاساکانی عێراق دادگایی دەکرێن. . لێدوانەکەى وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لەکاتێکدایە محەمەد ئەلحەکیم، وەزیری دەرەوی عێراق پێش چەند ڕۆژێک لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ جان ئیڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا سەبارەت بە چارەنووسی داعشە عێراقییەکانی ناو بەندیخانەکانی سوریا، رایگەیاند "عێراق ئامادەیە بۆ وەرگرتنەوەی تیرۆریستانی داعش بە ڕەگەز عێراقی و خێزانەکانیان بەمەبەستی دادگایکردنیان". . وەزیرى دەرەوەى عێراق وتیشی "ژمارەی چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش زۆرە و لە 72 وڵاتەوە هاتوون. پێویستە کار بکەین لەسەر نەهێشنى تیرۆریستان لە سوریا". .