گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عێراق؛ ئامادەکارى بۆ دەستپێکردنەوەى خۆپیشاندان دەکرێت

2019.10.19 - 20:36
عێراق؛ ئامادەکارى بۆ دەستپێکردنەوەى خۆپیشاندان دەکرێت
  ناس کورد- چالاكوانێکی مەدەنی رایگەیاند، ئامادەکارى بۆ دەستپێکردنەوەى خۆپیشاندانەکان لە عێراق دەکەن و تا ئەو كاتەی مەراسیمی چلەی ئیمام حسێن كۆتایی دێت خۆپیشاندانەكانیان دژ بە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی هەڵپەساردووە. . حوسام کەعبی، ڕۆژنامەنووس و چالاكوانی مەدەنی لەشاری نەجەف، بە ناس کوردى ڕاگەیاند :"لە ئێستادا ئامادەکاری کراوە لە هەموو شارەکانی عێراق بە گشتی و لە شاری نەجەف بە تایبەتی بۆ دەستکردنەوە بە خۆپیشاندانەکان". . وتیشی :"ڕۆژی 25ی تشرینی یەکەم لە لایەن ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکانی عێراقەوە دیاری کراوە بۆ دەستپێکردنەوەى خۆپیشاندانەکان". . روونیشیکردەوە، ڕاگرتنی خۆپیشاندانەکان لە لایەن خۆپیشاندەرەکانەوە بۆ ماوەیەکی دیارکرابوو، ئەوەش بە مەبەستی پێدانی دەرفەت بوو بە خەڵک بۆ ئەوەی بە ئاسودەیی بەشداری لە مەراسیمی چلەی ئیمام حسێن بکەن. . بەوتەى ئەو چالاکوانە ئەمجارەیان خۆپیشاندانەکان بە گڕوتێنێکی زۆرەوە دەستپێدەکاتەوە، چونکە حکومەت ئەو بەڵێنانەی دابووی بۆ چاکسازی هیچی جێبەجێ نەکردوە، ئەوەشی جێبەجێکردبێت هەر وەک جاران  بە میکانزمی بەش بەشێنە کردوویەتی، حیزبەکان و لایەنە سیاسییەکان دەستیان تێوەرداوە. . جەختیشى کردەوە "لە ئێستادا کەسانێک هەن کەس نازانێ کێن وسەر بە چ لایەنێکن، زانیاری دەربارەی چالاکوانەکان و کەسانی دیاری ناو خۆپیشاندانەکان کۆدەکەنەوە، ئەمەش جۆرێک لە دەڵەڕاوکێ و ترسی لە ناو شەقامدا بڵاوکردووەتەوە". . لەی1 تشرینی یەکەمی 2019 خۆپیشاندان لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدای پایتەخت و شارەکانی تری عێراق  سەریهەڵدا خۆپیشاندەران داوای نەهێشتنی گەندەڵی و خزمەتگوزاری و دامەزراندنیان کرد، جیا لەوەش بینای چەند پارێزگایەک و بارەگای چەند لایەنێکی سیاسیش سوتێنران، دەیان کەسیش بە هۆیەوە کوژران و زیاتر لە چوار هەزار  کەسیش برینداربوون. . حوسام کەعبی،ئاماژەى بەوە کرد "خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی 25 ی تشرینی یەکەم  زۆر جیاوازتر دەبێت لە خۆپیشاندانەکانی 1ى تشرینی یەکەمی ڕابردوو، بەوپێیەی کە کۆمەڵە خەڵکێک  بەشداری تێدا دەکەن  کە لە خۆپیشاندەکانی ڕابردوودا بەشدارنەبوون". . وتیشی :"مەرجەعیەتی نەجەفیش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ داکۆکی لە خۆپیشاندانەکان دەکات ".