گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

هێشتا سەرکردە ڕاستەقینەکان ماون

چۆن سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا دڵی موسوڵمانانی ڕاگرت؟

2019.03.22 - 20:35
App store icon Play store icon Play store icon
چۆن سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا دڵی موسوڵمانانی ڕاگرت؟

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد-

گەر بەڕێوەبردنی وڵاتێک قورس بێت، ئەوا ئەو کارە لە چرکەساتی قەیران و ڕووداوە گەورەکان چەندین جار قورستر دەبێت، بەڵام سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا دوای ڕووداوە خوێناوییەکەی هەینی ڕابردوو سەلماندی کە سەرکردەی ساتی قەیرانەکانە و دڵی مسوڵمانانی وڵاتەکەی و جیهانی بە باشترین شێوە ڕاگرت.

 

دوای ڕووداوە خوێناوییەکەی هەینی ڕابردووی دوو مزگەوتەکەی کرایست چەرچ لە وڵاتی نیوزلەندا کە تێیدا چەکدارێک زیاد لە 50 موسوڵمانی کوشت، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە جاسیندا ئاردێرن ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکی گەورە بووەوە.

 

 یەکەم کار کە ئاردێرن وەک سەرۆک وەزیران دوای ڕووداوەکە ئەنجامی دا، سەردانکردنی شوێنی دووداوەکە و بڕیاری ئەنجامدانی چاکسازی لە هەڵگرتنی ئەو جۆرە چەکەبوو کە تاوانەکەی پێ ئەنجامدرا، ئەوەش بڕیارێکی ئاسان بوو، بەو پێیەی لە وڵاتێکی وەک ئەمریکادا چەندەها ڕووداوی تەقەکردن ڕوویداوە بەڵام تا ئێستا هەڵگرتنی چەک لەلایەن هاوڵاتیانەوە قەدەغەنەکراوە.

 

 

دواتر سەرۆک وەزیرانە ژنە نیوزلەندییەکە کە گەنجترین سەرۆک وەزیرانە لە مێژووی ئەو وڵاتە 150 ساڵەییدا، وەک دەربڕینی هاوخەمی بۆ موسوڵمانانی وڵاتەکەی، سەردانی چەند دامەزراوە و مزگەوتێکی کرد و بە پۆشینی سەرپۆشێکی ڕەشیش زیاتر دڵی خاوەن قوربانییەکانی دایەوە.

یەکەم لێدوانی ئاردێرن لەو کاتەدا بوو کە میدیاکان دوودڵ بوون لە ناساندی ئەو کەسەی هێرشی کردووە بە "چەکدار" یاخود "هێرشبەر" بەڵام سەرۆک وەزیران بەبێ دوودڵی ڕایگەیاند کە هێرشەکە تیرۆرستی بووە و "سپیپێستێکی ڕەگەزپەرست" بەرامبەر بە ڕەوەندی موسوڵمانی وڵاتەکە ئەنجامی داوە. جەختیشیکردەوە کە ئەو کەسە "نوێنەرایەتی بەهاکانی نیوزلەندا و مەبدەئەکانمان ناکات."

هەروەها لە پەرلەمانی وڵاتەکەیدا ئێردێن هەڵوێستێکی دیکەی نواند، ئەویش دوای ئەوەی کە ڕایگەیاند هەرگیز ناوی تیرۆرستەکە بە زاریدا نایەت، بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە بەناوبانگ نەبێت، لەبری ئەوە داوای کرد ناوی قوربانییەکان ببرێت و بڵاوبکرێتەوە.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

بڕیار و هەڵوێستەکانی سەرۆک وەزیران تەنها لە ئاستی کەسییدا نەمایەوە، بەڵکو بوونە هاوسۆزییەکی دەستەجەمعی نیوزلەندییەکان بۆ موسوڵمانەکانی ئەو وڵاتە. لە یەکەم هەینی دوای ڕووداوەکە، بانگی نوێژی هەینی لە کەناڵی فەرمی ئەو وڵاتەوە گواسترایەوە، هاوکات لە سەرتاسەری وڵاتدا دوو خولەک وەستان  بەبێ دەنگی وەک ڕێزلێنانێک بۆ قوربانیانی مزگەوتەکان پەیڕەوکرا. هاوکات بەشێک لە کارمەندانی پۆلیس و فەرمانبەران و بێژەری کەناڵەکان ئەمڕۆ سەرپۆشیان لەسەرکرد و هاوخەمیی خۆیان دوپاتکردەوە.

 

ئاردێرن خۆیشی ئەمڕۆ سەردانی مەراسیمێکی نوێژی هەینی کرد و دوای ئەوەی بە زمانی عەرەبی سڵاوی کرد، وتەکانیشی بە فەرموودەیەکی پێغەمبەری ئیسلام دەستپێکرد.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

هەڵوێستەکانی سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا لە ناوەندە جیهانییەکان دەنگدانەوەی ئەرێنی هەبوو. ڕۆژنامەی گاردیان بە مانشێتێکی گەورە لە ستایشی ئاردێرن نووسی "هێشتا سەرکردە ڕاستەقینەکان ماون."

 

هەروەها رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سوپاسی حکومەتی نیوزلەندا و گەلەکەی کرد و وتی: "پێویستە هەڵوێست و کاردانەوەی سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا بەرامبەر بە موسوڵمانان ببێتە نمونەیەک بۆ هەموو سەرکردەکانی جیهان."

 

هەڵوێستەکانی سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا لای هەمووان قبوڵکراو نەبوو، بەڵکو هەندێک ژیانیشی خستووەتە مەترسییەوە. ئەویش دوای ئەوەی ڕۆژنامەیەکی نیوزلەندی بڵاویکردەوە کە جاسیندا ئاردێرن هەڕەشەی کوشتنی بۆ نێردراوە و لە ئێستادا پۆلیسی ئەو وڵاتە بەدواداچوون بۆ سەرچاوەی هەڕەشەکە دەکات.