گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

فریای پردی دەربەندی ڕانیە بکەون

بۆ دووبارە نەبوونەوەی ڕوداوێکی هاوشێوەی ڕوداوەکەی موسڵ لە هەرێم هۆشداری دەدرێت

2019.03.22 - 20:11
App store icon Play store icon Play store icon
بۆ دووبارە نەبوونەوەی ڕوداوێکی هاوشێوەی ڕوداوەکەی موسڵ لە هەرێم هۆشداری دەدرێت

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

 

 

ناس کورد- شەهرام عەزیز

ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌ئاوییه‌كانی‌ په‌رله‌مانی كوردستان هۆشداری دەداتە حكومەتی هەرێم بۆئەوەی هاوشێوەی روداوەكەی ڕوباری دیجلە لە موسڵ، لە دەربەندی رانیە دووبارە نەبێتەوە و "فریای پردی دەربەندەکە بکەون".

 

 

یاسین خزر، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوەئاوییەکان لە پەرلەمانی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا هۆشداری دایە حکومەتی هەرێم و ڕایگەیاند: "بۆئەوەی کارەساتی ڕوباری دیجلەی شاری موسڵ لە دەربەندی ڕانیە دووبارە نەبێتەوه‌، داواکارم بەزوترین کات کاری چاککردن لە پردی دەربەندی رانیەدا بکەن".

 

لە بارەی هۆشدارییەکەیەوە ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوەئاوییەکان تایبەت بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلامەو ئەوەی لەواقعدا دەیبینین، پردەکە لەسەرەتادا بە کەموکورتی‌ دروستکراوە و لە ئێستاشدا بەهۆی زیادبوونی ئاستی ئاوی ڕوباری 'زێی بچوک' و زۆریی جموجۆڵی گەشتیاری لە ناوچەکە نیگەرانم لە ئەگەری مەترسی داڕمانی پردەکە و کارەساتێکی گەورەی لێبکەوێتەوە، بۆیە داوادەکەم پێش ئەوەی خەڵکی دەڤەری راپەرین و گەشتیاران توشی کارەسات بن، کاری پێویستی بۆ بگیرێتەبەر".

 

 

یاسین خزر ئاشکراشیکرد: "خەڵکی ئەو ناوچەیەم، بۆیە ئاگاداری چۆنییەتی درووستکردنی ئەو پردە بووم، کە بەپێی پلانی درووستکردنەکەی دەبوو سێ پرد دروست بکرێت، یەکێک بۆ ئۆتۆمبێلی بچوک و یەکێک بۆ ئۆتۆمبێلی گەورە و یەکێکی بۆ پیادە، بەڵام تەنها یەک پرد دروستکرا و بۆ هەر سێ مەبەستەکە بەکاردەهێنرێت".

 

 

"ئەو پردە بەشێوەیەکی زۆر لاواز دروستکراوە و لە ئێستاشدا ئاوی ڕوباری زێی بچوک زۆر زیادی کردووە، بۆیە ترسێکی گەورە لەسەر پردەکە و ئەو گەشتیارانەی ڕوودەکەنە ئەوێ هەیە، ئەگەری ڕودانی ڕوداوێکی هاوشێوەی موسڵ هەیە" یاسین خزر وای وت.

 

بەپێی وتەی ئەو پەرلەمانتارە، حکومەتی هەرێم ٨ ملیار دۆلاری تەرخانکردووە بۆ چاککردنی پردەکە و ئەو بڕەش زۆر کەمە، بۆیە داوایانکردووە کە بڕی پارەکە زیاد بکرێت بۆ ١٧ ملیار دۆلار و بەشێوەیەک پردەکە دروست بکرێت ناوچەکە بکرێتە "ناوچەیەکی گەشتیاری بێترس بۆ هاوڵاتییان".

 

دوێنێ‌ (پێنجشەممە) بەلەمێكی گەشتیاری لە یەكێك لە دوورگە گەشتیارییەكانی ڕوباری دیجلە لە شاری موسڵ ژێر ئاو كەوت، فەرمانگەی پزیشكی دادوەری پارێزگای موسڵ لە دواین ئاماریدا لە بارەی ئەو ڕوداوەوە رایگەیاند “تائێستا 100 تەرمی ئەو ڕوداوە رادەستی فەرمانگەكەمان كراوە”.