کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئاگربەست لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، کەناڵی (ئەلحەدەس)ی عەرەبی، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ساڵح موسلیم بەرپرسی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) ئەنجامدا. . لەمیانەى چاوپێکەوتنەکەدا ساڵح موسلیم رایگەیاند " هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەرگرییان لە ناوچەکانیان کردووە، ئەوەش مافێکی ڕەوایە". . لەبارەی هەواڵی ڕێککەوتنى ئەمریکا و تورکیا و راگەیاندنى ئاگربەست، موسلیم روونیکردەوە "هێشتا زانیاریی تەواوەتیمان لەسەر بەندەکانی ڕێکەوتنەکە نییە، ئێمە ئیرادە، ئیدارە و هێزی سەربازی خۆمانمان هەیە، دوای وەرگرتنی زانیاری تەواوەتی لەسەر ڕێکەوتنەکەی ئەمریکا و تورکیا هەڵوێستی خۆمانمان دەبێت". . لەلایەکى ترەوە بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی تەڤدەم بە کەناڵی ڕوناهی وت: " گەلی کورد شەڕی نەویستووە، بەڵکو بەسەریدا سەپێندراوەو پێشوازیی لە ئاگربەست دەکەن، بەڵام بەرگریی لەخۆیان دەکەن ئەگەر هێرشیان بکرێتەسەر". . ساڵح موسلیم ئاماژەی بەوەشكرد، ئاگربەست شتێکە و تەسلیمبوون شتێکی دیکە و داگیرکردنی باکووری سوریا قبوڵ ناکەن، بۆیە پێویستە لە وردەکاریی ڕێککەوتنی نێوان پێنس و ئەردۆغان ئاگاداربکرێنەوە. . ساڵح موسلیم جەختیکردەوە، مێژوو بەرخۆدانی پاڵەوانانەی سەرێکانی تۆماردەکات و جەنگی تورکیا تاقیکردنەوەیەک بوو بۆ ئەوان، ئەم خاکە چۆڵ نییە و کەسی هەیە بەرگریی لێ بکات ئەوان هێشتا دەستبەرداری خەونی عوسمانی نەبوون، ناتوانرێت شت بەسەر گەلی ئێمەدا بسەپێندرێت. .