کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرایکرد، دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنى لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە ئەنجامداوە و باسیان لە بارودۆخی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان کردووە. . مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند " دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی هەسەدە ئەنجامداوە گفتوگۆیان کردووە لەبارەی لەشکرکێشییەکانی تورکیا و بارودۆخی رۆژئاوای کوردستان". . بە وتەی پێنس، مەزڵوم عەبدی لە میانەی پەیوەندییەکەی لەگەڵ ترەمپ، نیگەرانی خۆی لە بەرامبەر مەترسی هێرشی تورکیا بۆ سەر کۆبانی دەربڕیوە و داوای لە سەرۆک ترەمپ کردووە لەو بارەیەوە قسە لەگەڵ ئەردۆگان بکات. . ھەروەھا پێنس، ئاماژەی بەوەشکردووە، پاش ئەوە ترەمپ بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کردووە و بەڵێنی ئەوەی لێوەرگرتووە هێرش نەکرێتە سەر شاری کۆبانی، بە ڕوونیش ئەوەی پێ وتوە، دەبێت کۆتایی بەو لەشکرکێشیـیە بهێنێت و ئەمەریکا ئامادەیە ناوبژیوانی لە نێوانیاندا بکات. . جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی ئاشكراکرد: "بۆ ئەو مەبەستە ترەمپ، من و ڕۆبەرت ئۆبرایەنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکای ڕاسپاردووە لەم نزیکانە سەرۆکایەتی شاندێک بکەین و بەرەو تورکیا بڕۆین بۆ وتووێژ و دانوستاندن بۆ کۆتاییهێنان بەو خوێن ڕشتنە". . پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەى ترەمپ لە کاتێکدایە کە دوێنێ (دووشەممە) ئەمریکا چەندین سزای ئابوری و سیاسی بەسەر تورکیادا سەپاند و هەموو مامەڵەیەکی بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتە ڕاگرت. .